پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تیرۆری سیاسی

هاودەنگ فاروق

دوایین کردەوە تیرۆریستییەکەی هەولێر، کە ئەفسەرێکی ئەمنی و خانەوادەکەی کرانە ئامانج، بۆنی سیاسی لێ دێت، ئەگەرچی هێشتا لایەنە پەیوەنددارەکان لە گەرمەی لێکۆڵینەوەدان، بەڵام دەبێ وەڵامی ڕۆشن بۆ خەڵکی کوردستان هەبێت و ڕەهەندە سیاسیی و ئەمنییەکان ئاشکرا بکرێن.
ئەوتیرۆرە سیاسییە، کردەوەیەکی ئەوەندە تاریک و مەترسیدارە، بە تەواوی هەموو لایەكی ڕاچڵەكاند.. ئیستی بە هەموو ئەو بۆچوونانە كرد كە پێیان وابوو، تیرۆری سیاسی بووەتە کۆنە كەلەپورێكی قێزەون و هیچ هێزێكی كوردی ناگەڕێتەوە سەری.
تیرۆری سیاسی، كولتوور و نەریتێكی ئەوەندە قیزەون و ترسناكە، كە دەبێت هەمووان كار بكەن بۆ ئەوەی نەوەی نوێی كۆمەڵگەی كوردستان بەهیچ شێوەیەک بۆی نەگەڕێنەوە، ئەو پاشماوەیەش كە ماوە و ناوەناوە بە ئامانجی پاككردنەوەی حسابی ناوخۆیی خۆیان و، بۆ تێكەڵاوكردنی كارتەكان كەسایەتییەكان تیرۆر دەكەن.. دەبێ بە تەواوی ئابڵۆقە بدرێن و ڕێگە نەدرێت لەو ڕێگە قیزەونەوە ڕێكلام بۆ خۆیان بكەن، یاخود مەرامەكانیان بەو میکانیزمە مەترسییدارەوە مسۆگەر بكەن.
ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە فیدباكێكی ئەو جۆرە كردەوانە لە ئەدای سیاسی بكرێت و، لە ڕووی تیۆر و فكرەوە ڕۆشنبیران و سیاسییەكان یەكلایی بكەنەوە ، لە ڕووی یاسایی و سیاسیشەوە ئەم ڕوداوانە وەك تاوانێكی یەكجار گەورە بناسێنن و سزای پڕ بەپێستی بۆ دابنرێت، هاوكات لە ڕووی ئەمنییشەوە، دەزگا شەرعی و یاساییە ئەمنییەكان، چاوێكیان بكەنە هەزار چاو بۆ ئابلۆقەدانی ئەو مەترسییە.
ناکرێت لە هەرێمی کوردستاندا جێگەیەک بۆ ئەو کەس ولایەنانە هەبێت، کە پەنا بۆ ئەو شێوازە ترسنۆکانەیە دەبەن و ناوبانگی هەرێمی کوردستان ناشرین بکەن و دوای سەد ساڵ خەبات تازە بە تازە بگەڕێنەوە سەر میتۆدی بەسەرچووی حزبە فاشی و ستالینی و ئیسلامییە توندڕۆکان.