پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پرۆژه‌یه‌ك پێنج هه‌زار هه‌لی كار له‌ سلێمانی ده‌ره‌خسێنێت

پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی لە 30 سایلۆ پێکهاتووە ، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی 150 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، لەگەڵ پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد، ساوەر، بڕۆش، پاستە و عەلەفی ئاژەڵ.

زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێكی كوردستانی راگەیاندووه‌، پرۆژەکە لەماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت و 128 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌، كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ ئێستادا  رێژەی 78٪ـی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەواوبووە، کە 12 سایلۆ بە توانای وەرگرتنی 60 هەزار تۆن گەنم و کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد لەخۆ دەگرێت و هه‌لی كاری بۆ 300 كه‌س ره‌خساندووه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، به‌ ته‌واوبوونی پرۆژەکە، زیاتر لە پێنج هه‌زار هەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان دەرەخسێندرێت.

پرۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵی بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی جووتیاران، کە لە 23ی ئایاری 2021 بەردی بناغەی داندرا و بە تەواوبوونیشی؛ ئاسایشی خۆراک لە تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانی دابین دەکات