هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت

ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیایان بۆ سەر هەریمی کوردستان سەرکۆنەکرد و دووپاتیان کردەوە کە بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداونە، رێوشوێنی نوێ دەگرنەبەر.

گفتوگۆ لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسدارانی ئێران و تورکیا بۆ چەند ناوچەیەک لە قووڵایی خاکی هەریمی کوردستان، یەک لە تەوەرکانی بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی (شەممە 8ـی تشرینی یەکەم) ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەنووسیان کرد و باسیان لە وردەکاری بڕیارەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، لیژنەیەکی هاوبەش بە بەشداری لیژنەکانی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکبێت و لە هێرشەکانی ئێران و تورکیا بکۆڵێتەوە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: ئەو هێرشانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان دەبێت.

ئەو، هەروەها دووپاتی کردەوە، “بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە، داوایان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە، نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات”.

ماوەیەکە سوپای پاسدارانی ئێران و تورکیا بە بیانووی بوونی هێزی چەکداری ئۆپۆزسیۆن، چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکەن.

لە دوایین هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای چەند حزبیکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، پردێ و سلێمانی، 18 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیک بە 50 کەسی دیکە برینداربوون.