هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزارەتی خوێندنی باڵا: لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی قوتابییان رادەگەیێنین

بڕیارە ئەمساڵ هەموو ئەو خوێندکارانەی لە رێگەی زانکۆلاینەوە فۆڕمی وەرگیرانیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانیان پڕکردووەتەوە، ناوەکانیان بگەڕێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت: “ناوەندی وەرگرتنی قوتابییان و خوێندکاران سەرقاڵی وردبینیکردنن لە ناوەکان و لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی قوتابییانی وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیێندرێت”.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، دوای ئەوەی پرۆسەی پێشکێشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان تەواوبوو، لە چەند رۆژی داهاتوودا وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیێندرێت، ئێستا ناوەندی وەرگرتن سەرقاڵی وردبینیکردنی ناوەکانن.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: “وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمساڵ زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابییان دەڕەخسێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی کۆنمرەی قوتابییان و ئارەزووی خوێندکارانیش بۆ بەش و کۆلیژەکان، بۆ هەموو بەشەکانیش لە زانکۆلاین زۆرترین و کەمترین کۆنمرەمان دیاریکردووە، ئەوەی لە 50 بەسەرەوەی هەبێت، دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات، بەڵام مەرج نییە ناوی لە کۆلێژی بەرز بێتەوە”.

لەبارەی گۆڕینی کۆلێژ و بەشەکان دوای دەرچوونی ناوی قوتابییان، عەباس ئەکرەم گوتی: “گەڕانەوەی ناوی قوتابییان تایبەتە بە قوتابی کە خۆی لەو 50 بژاردەیەی پڕی کردووەتەوە ناوی لە شوێنێک دێتەوە، ئەگەر قوتابییەکیش بیەوێت لە شوێنێک یان لە شارێک دەوام نەکات، دەبێت ساڵی یەکەم دەوام بکات و سەرکەوتووبێت و ساڵی دواتر دەتوانێت داواکاری بۆ گواستنەوە بۆ شارەکەی خۆی پێشکێش بکات.”

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە گشتییەکان بۆ ئێواران و پارالێڵ وەک ساڵی رابردوو کەمکراوەتەوە بە رێژەی 45٪، پاریش ئەم داشکانە کرابوو و ئەمساڵیش بەردەوام بێت. بۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش کرێی خوێندن دادەشکێندرێت، بەپێی پۆلێنی زانکۆکان بۆ نموونە، زانکۆکانی پلەیB 10٪  و پلەی C 15٪  و پلەی D 20٪ داشکان دەکرێت.