ئەمڕۆ هەینی، لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ کەمێک دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1710 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نرخی نەوتیش تاڕادەیەک بە جێگیری ماوەتەوە.
هەرچەندە نرخی زێڕ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکان زیاتر لە دۆلارێک دابەزی، بەڵام ئاراستەکەی بەرەو بەرزبوونەوەیە. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بە نزیکەی 1719 دۆلارە.
دوو هەفتەیە نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە بەرەو دابەزینە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا کە لە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، لە مانگی رابردوودا کۆمپانیا ئەمریکییەکان ژمارەی دامەزراندنەکانیان زیادکردووە.
نرخی نەوت جێگیرە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت کەمێک دابەزی، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە سەرووی 94 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە جێگیری مایەوە.
گۆڕانکارییەکە لە نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی چوار رۆژی یەک لە دوای یەک بوو ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە بوو. دوایین هۆکاریش کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی بڕیاری هاوپەیمانیی ئۆپێک بوو بۆ کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام بڕیارەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەکرد.
کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر، هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی برێنتی دەریای باکوور 94 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا بە 88 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئێستا بازرگانان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی راگەیاندنی ئامارەکانی هەلی کارن لە ئەمریکا کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی رابگەیێندرێن. ئەوەش کاریگەریی لەسەر بازاڕەکان دەبێت.
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 100 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.979 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.11 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.58 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 900 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.78 روبڵی رووسی