دەقی پەیامی وەزارەتی پەروەردە بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە:-
ئەمڕۆ 05ـی 10 ڕۆژی جیھانی مامۆستایان و سبەی 06ـی 10 ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانە، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە مامۆستایانی کوردستان و تەواوی مامۆستایانی جیھان، بە پێویستی دەزانین ئەم بۆنەیە بکەینە دەرفەتێک بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینمان ئاڕاستەی ھەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزی مامۆستایانی کوردستان بکەین بۆ ئەو ڕۆڵە پەروەردەیی و نیشتیمانپەروەرانەی نواندوویانە و دەینوێنن لە فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی کوردستاندا.
لە ھەموو قۆناغە پرشنگدار و سەختەکان کە گەلەکەمان پیایدا تێپەڕیوە ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستان جێگەی ڕێز و ستاییشی وەزارەتی پەروەردە و تەواوی خەڵکی کوردستان بووە، بۆیە ئەرکی ئێمەشە ھەمیشە خۆمان بە داکۆکیکاری مافەکانیان بزانین و کاری زیاتر بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی پێشەنگی ئەوان بکەین.
لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە بەپێویستی دەزانین یادی ھەموو ئەو مامۆستا دڵسۆزانە بکەینەوە کە ھەڵکشانی تەمەن لە خزمەتکردنی زیاتر دووری خستوونەتەوە، ھەمیشە وەک سەرمایەیەکی نیشتمانی و پەروەردەیی گەورە لێیان دەڕوانین و وەفاداری خۆمانیان بۆ دەردەبڕین، ،دووبارە پیرۆزبێت ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان و جیهان.