محەممەد جەعفەر مونتەزری، داواکاری گشتیی ئێران لە رێوڕەسمێکدا لە تاران وەڵامی داواکاریی د. محەممەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی، لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی ئاشکراکردنی راستیی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دایەوە و گوتی: “ئەگەر وا بکەن، لە سبەیەوە هەرکەس تووشی رووداوێک بوو، داوای لیژنەی ئاشکراکردنی راستییەکان دەکات.”
داواکاری گشتیی ئێران پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی بە قسەکردنی “بێ بەڵگە” تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: “پارێزەری خێزانی ئەمینی پێش ئەوەی پزیشکی داد رای خۆی لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەمینی دەرببڕێت، گوتوویەتی رای ئەوانی قبووڵ نییە. ئەو چ یاساناسێکە کە پێش راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ناوەندێکی یاسایی، ئەنجامەکەی قبووڵ نییە و داوای پێکهێنانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان دەکات؟”.
د. محەممەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری پلە یەکی کورد لە تاران و سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی، رۆژی 26/09/2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “ژینا بە نەخۆشی نەمردووە، بەڵکو کوژراوە و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی بێلایەنمان کردووە کە لە دوو پزیشکی پسپۆڕی دڵ، دوو پزیشکی پسپۆڕی مێشک، پزیشکێکی پسپۆڕی گورچیلە و هەروەها دەروونناس، کۆمەڵناس، یاساناس و رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆ پێکبێت بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی ژینا”.
ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵانی خەڵکی سەقز، رۆژی 16/10/2022 دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی تاران، گیانی لەدەستدا. ژینا رۆژی 13ی ئەیلوول لە لایەن پۆلیسی رەوشتی تاران دەستبەسەرکرا و لە گرتووخانەی پۆلیس تەندروستی تێکچوو.
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون، پێیان راگەیاندووە کە هێزەکانی پۆلیس لە سەری کچەکەیان داوە. پۆلیس و حکومەتی ئێران دەڵێن، ژینا تووشی جەڵتەی مێشک و دڵ بووە و بەو هۆیە گیانی لەدەستداوە.