کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی لە مەخموور: یەک گوندی کوردنشین لە ناوچەی قەراج نەماوە و خەڵکەکەی ئاوارە بوونە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی لە مەخموور، دەڵێ:” ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری مەخموور کاریگەریی لەسەر جموجۆڵی داعش ھەبووە، بەڵام بنبڕ نەبووە، تا ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێن داعش ھەر دەمێنێت و گروپە چەکدارەکان ھەڕەشە لە ھاووڵاتییانی کورد دەکەن. دەشڵێ، ئێستا یەک گوندی کورد لە ناوچەی قەراج نەماوە، خەڵکەکەی ھەمووی ئاوارە بوونە، تا رەوشەکە ئاسایی نەبێتەوە و ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو خەڵکە ناگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

چارەسەر زۆرن بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیەی کە ئێستا لە عێراق ھەیە ڕێگرە لەوەی بەرنامەی ئاساییکردنەوەی ناوچەکە و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن، بۆشایی ئەمنی زیاتر دۆخەکەی تێک داوە و بەو شێوەیە ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە.
زیاتر لە ٣ ساڵ بەسەر ئازادکردنی مەخموور تێدەپەڕێت کە لە ١٠ی ئاب شارەکە ئازاد کرا، ھێزی پێشمەرگە و خۆبەخشان و جەماوەری پارتی رۆڵیان ھەبوو لە ئازادکردنی مەخموور، ھەروەھا پاڵپشتی و پشتگیری سەرۆک بارزانی ھێزێکی دیکەی بەخشییە ھەموو ئەو کەسانەی بەشداریان لە ئازادکردنی مەخمووردا کردوو و شکاندنی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی بوو. بەرپرسانی پارتییش دەڵێن، پارتی پارێزگاری لە ھەموو خاکی کوردستان دەکات و دەڤەری مەخمووریش لە ئێستا و لە رابردووش پارتی بەرگری لێی کردووە و ئامادەنین مساومە لەسەر بستێک خاکی کوردستان بکەین، مەخموور ھەر لەسەردەمی حەرەس قەومییەوە تا سەردەمی داعش و حەشدی شەعبی کەوتووتە بەر پیلان و ھێرشی دوژمنان، بەڵام پارتی بەردەوام بەرگریکاری مەخموور و ناوچە کوردستانیەکان بووە.
لە ٢-١٢- ١٩٩٤ رژێمی عێراق بڕیاریدا بە دابڕینی شاری مەخموور لە شاری ھەولێر و بەستنەوەی بە شاری مووسڵ بەھۆی دەوڵەمەندی ناوچەی مەخموور بە سامانی نەوتی کە زیاتر لە ٣٠٠ بیری تیایە و بە عەرەبکردنی ناوچەی قەراج و کەندێناوە لە ھەرێمی کوردستان.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی لە مەخموور، بۆ ھەولێر، دەڵێت:” ئەو ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشانەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری مەخموور دەکرێن، کاریگەرییان ھەبووە لەسەر جموجۆڵی داعش، بەڵام ھەر ماوە، چونکە ئەگەر بتەوێت چارەسەرێکی یەکجارەکی بێت، بۆ ئەوەی خەڵک دڵنیا بێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دەبێت ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو سنوورە جا چ بەناوی ھێزی ھاوبەش، چ بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، ھەروەھا تا کێشەی سیاسی و ماددەی ١٤٠ چارەسەر نەبن و ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە بڵاو نەکرێنەوە، یان ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە جووڵەی داعش ھەر دەمێنێت، بۆیە پێویستە کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن.
بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی لە مەخموور، گوتیشی:” شانەی نووستوو ھەیە، بە ڕۆژ خەریکی کار و کاسبین، بە شەویش داعشە و ناوەناوە کردەوە ئەنجام دەدەن و بە ماتۆڕ دەگەڕێن خەڵک دەڕفێنن، بۆیە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپتر بووە، ئەگەر پەلەی تێدا نەکرێت، خەڵکەکە زیاتر پەریشان دەبێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی لە مەخموور، ئاشکراشی کرد:” چەکدارانی عێراق، حەشدی شەعبی ئاستەنگ بۆ خەڵک دروست دەکەن، ھەتا ئاستەنگ بۆ مەخموور دروست دەکەن، لێ ناگەڕێن خواردن وەکو پێویست بگاتە شارەکە، جا چ شوێنەکانی دیکە، ھەروەھا ھاوکاری ئەو عەرەبانە دەکەن کە بە زۆر ھاتوونەتە ئەو ناوچانە و لێی نیشتەجێ بوونە و زەوی زاری کوردیان داگیر کردووە، وا دەکەن کە خەڵکی کورد لەو ناوچانە نەمێنێت، زانیاری تەواو ھەیە کە چەکدارانی عێراقی ھاوکارن لەگەڵ تەعریبچییەکان، بۆیە تەنھا پێشمەرگە سەر و ماڵی ھاووڵاتییان دەپارێزێت، ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە گوندەکان ئاوەدان دەبنەوە ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە پەیدا دەبێت، ئێستا یەک گوندی کورد لە ناوچەی قەراج نەماوە، خەڵکەکەی ھەموو ئاوارە بوونە، ھەتا لەناو قەراج کورد نەماون، ھەموو ئاوارە بوونە و لە شوێنەکانی دیکە نیشتەجێ بوونە، تا رەوشەکە ئاسایی نەبێتەوە و ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو خەڵکە ناگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.

ھەواڵی زیاتر