بۆچی ناتوانین لە ناخی هەندێ مرۆڤ تێبگەین؟

گوهدار ئاكرەیی

ئەوەمان بیستووە و گومانی تیا نیە، کەس کامڵ نیە؛مرۆڤ لەمێژە گەیشتووەتە ئەو راستیە و لێی حالی بووو و نکۆڵیی لێ ناکرێت؛ لەوە زەحمەتتر کە ئێمە مەبەستمانە باسی لێوە بکەین، بۆچی ناتوانین لە قووڵاییی ناخی هەندێ کەس تێبگەین، کەچی لە ڕاستیدا چەند خۆشە ناخ و دەروونی مرۆڤەکانی هەمبەرمان بناسین و لێیان بەئاگا بین. خۆی نەک هەر ناتوانین لە قووڵایی ناخی هەندێ کەس تێبگەین، بەڵکو ئەو رێگایە بەخۆم دەدەم بە سەلماندن دەیسەلمێنم، بنەماڵە و نەتەوەش هەن کە ناتوانین لە ناخیان تێبگەین! جا ئەوەی جێ سەرنج و تێڕامانە تائێستا زۆر لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری دەروونیەوە، نەیانتوانیوە هیچ ناوێک لەم کەسانە بنێن، بۆ ئەمەش ئەگەر بەباشی سەرنجی لێ بدەین دەبینین لەزۆر شوێن بەم کەسانە دەڵێن مرۆڤی (فزول) کەچی لە شوێنێکی تر بە ناوێکی تر ناوی ڕۆیشتوە و جیاواز لە شوێنەکانی تر؛ چونکە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم بوارەوە هێشتا نازانن ئەم تاکانە، وەک کەسانی نەزان و دواکەوتوو لەقەڵەم بدەن یا ژیر و زانا! تاکو ناوێکی تایبەتی لێ بنێن، جیا بکرێنەوە لە مرۆڤە ئاساییەکان.
جا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەوە بتوانین بەکورت و پوختی ئاماژە بە ووتە و کردارەکانی ئەم کەسانە بکەین، وە هۆکاری ئەم هەڵسوکەوتانەیان بۆ چی دەگەرێتەوە؛ لە بنەڕەتدا ئەم مرۆڤانە بەگشتی زۆر نیگەرانی خۆیانن؛ خولیایانە لەکاتی ئاخاوتنیاندا باوەڕێکی کەمت پیشان بدەن، ناتوانن دەستبەرداری ئەم خولیایە بەرزەیان بن کە شانازیی پێوە دەکەن. خاوەن بیر و رایەکن، ئەم بیروڕایەیان هەر بۆ خۆیانە و نایدەنە بەرامبەری خۆیان، بۆ ئەوەی زوو تیا نەچن، واتە زۆر خۆیان خۆش دەوێت، جۆرە رێگایەکیان هەڵبژاردووە لە کاتی ئاخاوتن و هەڵسوکەوتیان، بە دەگمەن کەسی هەمبەریان بتوانن لە ناخیان بگەن یا دڵنیایییان بۆ دروست ببێت.
ئەوەی جێی مەترسیە، ئەم کەسانە بەچاوێکی زۆر ناڕازییانەوە تەماشای جیهان و مرۆڤەکان دەکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە ئەم کەسانە یا ئەو بنەماڵە یا ئەو نەتەوەیە هیچ شارەزاییەکیان نیە لەو کارانەی کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی یان بەهێز دەکات، چونکە دەروونیان لە زۆر لایەنەوە خاڵی و شاراوەیە. بچووکترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەی ئەم کەسانە لە کەسی ئاسایی جیا دەکاتەوە، بگرە بەهێزترین ئاوازی ناسک، ناتوانێت هەستیان ببزوێنێ. چونکە ئەم کەسانە پێیان وایە، ئەو کامەرانیەی هەیانە لە دەستی دەدەن.
لە کۆتاییدا ئەم مرۆڤانە جۆرێک لە جۆرەکانی پێشبینی تایبەت بە خۆیان لە هەمبەر ژیان و کۆمەڵگەدا هەیانە؛ ئەم پێشبینیانەش مەحکووم کراوە بەپێی فکر و ژینگە و ڕۆشنبیرییان؛ بە دەرەجە یەک هەموو ئەو هەڵسوکەوتانەی ئەم کەسانە لە خێزانەوە وەریان گرتووە، کە لە وەچەیەکەوە گواستراوەتەوە بۆ وەچەیەکی تر.

ھەواڵی زیاتر