شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

موقتەدا سەدر: دژی پشتیوانی وڵاتانم لە هەوڵی پێکهینانی حکومەت

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، رایگه‌یاند، پشتیوانی له‌ وته‌كانی جێنین پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق ده‌كات، كه‌ رایگه‌یاند، گه‌نده‌ڵی كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراقه‌.

ئه‌مڕۆ پلاسخارت وتارێكی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌ی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد.

له‌ وتاره‌كه‌یدا، پلاسخارت ره‌خنه‌ی له‌ ره‌وشی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان گرت و رایگه‌یاند، پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵات بخرێته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌كانه‌وه‌.

له‌ باره‌ی وتاره‌كه‌ی پلاسخارته‌وه‌، سه‌در رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی پلاسخارت وتی، هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كان له‌ عێراق گه‌نده‌ڵییه‌، وته‌یه‌كی راسته‌ و پشتیوانی ده‌كه‌ین، به‌ڵام چاكسازی به‌ ده‌موچاوی مۆن و حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانی پێشوو ناكرێت، بۆیه‌ داوای گۆڕینی ئه‌و ده‌موچاوانه‌مان كردووه‌.

هه‌روه‌ها سه‌در پشتیوانی له‌ بانگه‌وازی وڵاتانی جیهان كرد، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوایان كرد، لایه‌نه‌كان دان به‌ خۆیاندا بگرن و په‌نا نه‌به‌نه‌ به‌ر چه‌ك و توندوتیژی.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌در، وتی: كێشه‌كه‌ هه‌بوونی چه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، پێویسته‌ ئه‌و چه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌مێنێت و به‌كارنه‌هێنرێت بۆ له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕان و به‌رهه‌ڵستكاران و چه‌سپاندنی ره‌گوڕیشه‌ی ده‌وڵه‌تی قووڵ. به‌ تایبه‌تی كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێران رووبه‌ڕووی فشارێكی زۆر بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌و چه‌كدارانه‌ ملكه‌چی نابن.

سه‌باره‌ت به‌ بۆردومانه‌كانی سنووری عێراق، سه‌در ستایشی هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی له‌ باره‌ی بۆردومانه‌كانه‌وه‌ كرد و وتی: لێره‌وه‌ داوا له‌ وڵاتانی دراوسێی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق بگرن و پارێزگاری له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌ به‌ رێگه‌ی دیپلۆماسی و گفتوگۆ بكه‌ن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، دژی داوای وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌، كه‌ داوایان ده‌كرد، حكومه‌ت پێكبهێنرێت و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتیشی: زۆر حكومه‌ت پێكهێنراوون و زیانیان به‌ نیشتمان و گه‌ل گه‌یاندووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌در داوایكردووه‌، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گوێ له‌ نوێنه‌ری عێراق نه‌گرێت، كه‌ له‌ زۆربه‌ی قسه‌كانیدا راستییه‌كانی نه‌وتووه‌.