شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی كورتەفیلمی ئاشتی و پێكەوەژیان

لە شاری سلێمانی فیستیڤاڵی كورتەفیلمی ئاشتی و پێكەوەژیان بەڕێوە چوو كە ئامانج لێی دەرخستنی دۆخی پێكەوەژیان بوو لە كوردستان و عێراقدا، لە رێی هونەرەوە.

فێستیڤاڵی كورتە فیلمی ئاشتی و پێكەوەژیان یەكێكە چالاكییەكانی پرۆژەی (بنیاتنانی توانا و بەهێزكردنی تۆڕبەندی میدیاكارانی گەنج لە بواری بنیاتنانی ئاشتی و پێكەوەژیان) كە لەلایەن ڕێكخراوی CDO و سەنتەری METRO و CDFJـەوە جێیەجێ دەكرێت بە هاوبەشی ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان UNDP و بە بودجەی حكوومەتی ئەڵمانیا و لەلایەن كۆمپانیای مەستی فیلم جێبەجێ كرا؛ فیستیڤاڵەكە رۆژی 21ی ئەم مانگە دەستی پێكرد و 3 رۆژی خایاند؛ چەندین فیلمی كوردی و عێراقی و بیانی نمایش كران كە سەرجەمیان گوزارشت بوون لە رەوشی ئاشتی و پێكەوەژیان.

د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی لە یەكەم رۆژی فیستیڤاڵەكەدا رایگەیاند “ئەم فیستیڤاڵە لە سێ رووەوە جێگەی بایەخە، یەكەمین لەڕووی هونەرییەوە زۆر بایەخدارە كە تایبەتە بە هونەری سینەما، ئامانجییش لێی ئاشتی و پێكەوەژیانە و لە شاری سلێمانیدا پێشكەش دەكرێت كە شاری دەنگ و رەنگ و بۆچوونە جیاوازەكانە، هیوادارین ئامانجی راستەقینەی خۆی بپێكێت”.

ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد “سینەما بە تەنها هونەر نییە، وەك چۆن بە تەنها پیشەسازییش نییە، بەڵكو گرنگییەكەی هێندە جادووییانەیە كە رەهەندێكی دیكەی بوونە، كاتێك ئامانجێكی وەك ئاشتی و پێكەوەژیان دەكرێتە ئامانجی فیستیڤاڵ و سەرجەم فیلمەكان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێن، بە لای ئێمەوە بایەخیكی مەزنی هەیە، چونكە ئاشتی و پێكەوەژیان ئاكارێكی باڵا و سەردەمیانەیە”.

هەروەها شاعیری ناسراو كەژاڵ ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فیستیڤاڵەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند “ویستمان لەم رێگەیەوە ئاشتی و پێكەوەژیان دەربخەین، چونكە هونەر رێگەی كاریگەرە بۆ كاركردن بۆ مرۆڤایەتی، فیلمەكانیش رەنگدانەوەی جوانیان هەبوو”.

ناوبراو وتی “لە عێراقدا پێكەوەژیان باش نییە و خوێنی لێ دەچۆڕێت، ئەگەرنا ئێزدییەكان ئەو هەموو قوربانییەیان نەدەبوو، ژنان لەبەر جیاوازیی رەگەزیان نەدەكوژران، بەڵام كوردستان هەمیشە مەڵبەندی ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، هەر بۆیەش لە رۆژی ئاشتی كە 21ی ئەیلوولە یەكەم رۆژی فیستیڤاڵەكە بوو”.

لە فیستیڤاڵەكەدا چەندین كورتەفیلم نمایش كران، یەكێك لەوانەش كورتەفیلمی (بێناونیشان) بوو لە بیرۆكە و دەرهێنانی توانا عەلی؛ توانا بە (هەولێر)ی راگەیاند “كورتەفیلمەكەمان دۆكیومێنتەری بوو باسی ئەو ژنانەی دەكرد كە لەلایەن كەسوكاریانەوە دەكوژرێن و فڕێ دەدرێن و دوایی كەسێکی گۆڕستان بەخاكیان دەسپێرێت؛ ئیدی كەسوكاریان بە لایاندا ناچنەوە”.

ناوبراو دەڵێت “ئەو ژنانەم وا وێنا كردوونە كە زیندوو دەبنەوە و باس لە چیرۆكەكانی خۆیان دەكەن كە هەریەكە بەهۆی تۆمەتێكەوە كوژراون و كەسوكاریشیان ناڕۆن بەڤلایاندا و بەبێ ناونیشان دەنێژرێن، چونكە كەسوكاریان لە ڕوویان نایەت ناویان لەسەر بنووسن”.