پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فازڵ میرانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد

ئه‌مڕۆ سێشەممە 4/10/2022 له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى، فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیى له‌ ئه‌لبروس كوتراشێڤ، باڵیۆزى ڕووسیا له‌ عێراق  و ماكسیم ڕوبین، كونسوڵى ڕووسیا له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ زەعیم عەلى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى ئاماده‌ى بوو، وێڕاى به‌خێرهێنانى میوانان، فازڵ میرانى پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ى دۆخى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق باس كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاره‌تیى نیشتمانى، كێشه‌كانى عێراق چاره‌سه‌ر نابن، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێ هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاتەکانی‌ عێراق سه‌قامگیریى سیاسى وه‌ك ئه‌ركى سه‌ره‌كى و له‌پێشینه‌ى خۆیان ببینن و كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن.

هەر لە دیدارەکەدا، باڵیۆزى ڕووسیا سوپاسى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیى كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ و ته‌ئكیدى كرد: ”گرنگه‌ هه‌رچى كێشه‌ و قه‌یران هه‌یه‌ به‌ ڕێگاى دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن و سه‌قامگیریی عێراق و هه‌رێمى كوردستان لامان زۆر گرنگه‌.”

بارودۆخى ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ڕووسیا و هه‌رێمى كوردستان كه‌ مێژینه‌ن، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.