مەزهەر كەریم – سلیمانی
گرفتی تەندروستی و كێشەی كۆمەڵایەتی كارێكی وەهای كردووە ڕەگەزی سێیەم (نێرەموک)، ڕەگەزی خۆیان نەدرکێنن؛ لە ترسان ئامادە نەبن ڕەگەزی خۆیان ئاشكرا بكەن، بێئەوەی هیچ هەنگاوێكش بنێن بۆ داكۆكیكردن لە مافیان.
ڕەگەزی سێیەم یان (نێرەموک) ئەو كەسانەن كە لە ڕووی کنێت (بۆماوەیی)ـەوە هەردوو ئەندامی نێرینە و مێیینەیان بەشێوەی پێگەشتوو یان پێنەگەشتوو هەیە، هەستێكی دەروونیی سەختیان هەیە بێجگە لەوەی کە پێكهاتەی بایۆلۆجییان جیاوازە، كۆمەڵگەش وەك مرۆڤێكی ئاسایی سەیریان ناكات.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ڕێژەی ڕەگەزی سێیەم (نێرەموک) لەهەرێمی كوردستاندا زیاترە لە 600 كەسە؛ وەزارەتی تەندروستییش ئامارێكی وەهای لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نیە، بەهۆی ئاشكرانەكردنی لەناو خێزانەكاندا و دەشاردرێتەوە بەهۆی كۆمەڵگاكەوە.
لە هەرێمی كوردستاندا بە درێژاییی تەمەنیان بە تەنیا و بەبێ هاوبەشی ژیان دەمێنەوە؛ ئێستا و ئەوسایش هەر پڕۆسەیەكی هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەگەزی سێیەمدا کرابێت لە ماوەیەكی كورتدا هەڵوەشاوەتەوە.
د. ئاسۆ حەوێز وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە “هەولێر”ـی وت: “ڕەگەزی سێیەم (نێرەموک) هەركاتێك سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن بۆ هەڵبژادرن و دیاریكردنی ڕەگەزی یەكەم یان دووەم وەك هەر نەخۆشێكی دیكە كاری نەشتەرگەری و هەر چارەسەرێكی دیكەیان بوێت، بۆیان دەكرێت.”
وتیشی: “لە رێگەی لیژنەیەكی زانستی و یاسایی و ئایینییەوە بڕیار لەسەر گۆڕینی ڕەگەزی سێیەم دەدرێت؛ بەپێی رادە و رێژەی هۆرمۆنی پیاوانە یان ژنانە و، پاشانش بڕیاری ئەو كەسە خۆی، ئاخۆ دەیەوێت كام ڕەگەز هەڵبژێرێت واتە نێرینە بێت یان مێیینە، ئەوكات چارەسەری بۆ دەکەین؛ بە هۆكاری كۆمەڵگە تا ئێستا نازانین ژمارەیان چەندە”.
جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو هەبونی هەر حاڵەتێكی ڕەگەزی سێیەم (نێرەموک) لەناو خێزانەكاندا، سەردانی پزیشكی تایبەت دەكرێت بۆ چارەسەر، هەرچەندە لەناو كۆمەڵگادا، ئەو حاڵەتە شاراوە ماوەتەوە و باس ناكرێت؛ پەردەپۆش دەكرێت بە هۆكاری جیاواز.
د. بەكر ڕەحیم ڕەشید پسپۆڕی نەخۆشینەكانی منداڵان بە “هەولێر”ـی گوت: “ڕەگەزی سێیەم (نێرەموک) شێوانێکە لە جەستەی منداڵدا ڕوو دەدات، بەهۆی كێشە لە ڕژێنی سەر گورچیلەكان، ئەو منداڵە لە ناوەوە كۆئەندامی زاوزێی مێیینەی هەیە لە دەرەوە كۆئەندامی نێرینەی هەیە؛ ئەم حاڵەتە ئێستا زۆر باوە، ئەگەر لە ماوەیەكی كەمدا منداڵەکە سەردانی پزیشكی تایبەت بەو حاڵەتە نەكرێت ئەگەر هەیە گیان لەدەست بدات”.
وتیشی: “جۆری دووەمی ڕەگەزی سێیەم (نێرەموک) ئەو منداڵانەن كە هەردوو ئەندامی نێرینە و مێیینەیان بە تەواوەتی گەشەی كردووە، هۆكارەكەی كێشەی كرۆمۆسۆمیە؛ ئەم حاڵەتە زۆر كەمە؛ لە ڕێگەی نەشتەرگەریەوە، ئەو منداڵە چارەسەر وەردەگرێت و یەكێك لەو دوو ڕەگەزەکەی بۆ دیاری دەكرێت كە پێشتر هەیبووە، بە دەرمان چارەسەر ناکرێت”.
دادگای هۆڵەندا یاسای تایبەت بە ڕەگەزی سێیەم دیاری كردووە؛ لە ڕاگەیێنراوێكدا دانی بەو ڕەگەزەدا ناوە و، جەختی كردەوە كاتی ئەوە هاتووە دان بە “ڕەگەزی سێیەم”ـدا بنرێت.
مەبەستی دادگای هۆڵندا لەدەركردنی ئەو یاسایە لەپێناو پاراستنی مافەكانی ڕەگەزی سێیەم بووە وڵاتە دیاریكردنی یاساكەی بەهەنگاوێكی شۆڕش ئاسا ناوبرد بەیاسای هۆڵندا.
بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستانو لیژنەی تەندروستی لەوباریەوە هەنگاوی پێویستیان نەناوە، یاسایەكی ئەو تۆ لە هەرێم بونی نیە لەبارەی ڕەگەی سێیەمەوە، كۆمەڵگە لەسەر هەبونی یاسایەكی لەو جۆرە موسیڕ نیە.
دكتۆر سەباح محمود سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی ژینگەو مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان بە هەولێری وت:” ژمارەیەك پزیشك سەردانی لیژنەی تەندروستیان كردوە لەبارەی ڕەگەزی سێیەم (نێرەموك) قسیەیان كردوە بەڵام، بەهۆكاری ئاینیو یاسایو كۆمەڵایەتی تا ئێستا چی نەكراوە لەوبارەیەوە چاوەڕێی ڕۆژانی داهاتون ئاخۆ چی بكەن لەوبارەیەوە”.
وتیشی:” ئەو كەسانەی ڕەگەزی سێیەم من ( نێرەموك) بەراورد بە ساڵانی پێشو پێم وایە ژمارەیان لەزیاد بوندایە بەڵام هێشتا دیار نیە ژمارەیان چەندە، لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی یاسیان بۆ دروست دەبێت نازانرێت ئاخۆ ناو ڕەگەزی كوڕیان یان كچان بۆ دیاری بكرێت ئەمە سەرەزای ئەوەی كێشەی كۆمەڵایەتیان بۆ دێتە پێشەوە لەناو كۆمەڵگەدا زۆر جار بەچاوێكی كەم سەیر دەكرێن”.