نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نامەیەكی لە خاتوو لیز ترەس سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاوە پێگەیشت.
لە نامەكەیدا خاتوو ترەس سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەكات بۆ بەشداریی بەڕێزیان لە ڕێوڕەسمی پرسەی شاژن ئێلێزابێسی دووەم، شاژنی كۆچكردووی شانشینی یەكگرتوو، هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیداری نێچیرڤان بارزانی لە لەندەن، نیشان دەدات.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە نامەكەیدا بۆ نێچیرڤان بارزانی پێزانینی وڵاتەكەی بۆ پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە شانشینی یەكگرتوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهای هاوبەشی وەك ئازادیی ڕادەبڕین و پەروەردە و ئەولەوییەتی هاوبەشی وەك پرسە ئەمنییەكان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەیە، جەختیشی كردووتەوە كە لەسەر ئەو بابەتانە لە كاری پێكەوەیی بەردەوام دەبن.
لە كۆتاییدا خاتوو لیز ترەس سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هیوای خواستووە لە ئەركی تازەیدا باشتر لەگەڵ هەرێمی كوردستان كار بكەن و دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی هەردوولا فراوانتر ببن.