نرخی نەوت بەرزبووەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت و زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بەرزبوونەوە. هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە سەرووی 89 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بەنیازە لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەیدا کە بڕیارە رۆژی 5ـی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، بە بڕی رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە خستنەڕووی نەوت کەمبکاتەوە و ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە. بەو پێیەی بازرگانەکان ترسیان لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت هەیە.

رۆژی سێشەممە، 4-10-2022 ، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 45 سەنت بەرزبووەوە و بە 89 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە 83 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

لەلایەکی دیکەوە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین هەروەها بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، بازرگانانی نەوتی نیگەران کردبوو لە کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو کاڵا ستراتژییە، بۆیە لە رۆژانی رابردوو نرخی نەوت بە نزمی مابووەوە.

بانکی ئەی ئێن زێدی ئۆستراڵیی نیوزلاندی سەبارەت بە بازاڕی نەوت رایگەیاند، ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەی ئۆپێک پڵەس هەر بڕیارێک بدرێت کە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بێت کەمتر لە رۆژانە 500 هەزار بەرمیل، ئاوە بازاڕی نەوت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نابێت، بەڵام زیاتر لەو رێژەیە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1699 دۆلار بەرزبووەوە 

بەراورد بە کردنەوەی بازاڕ لە رۆژی رابردوو، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و گەیشتە 1699 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هاوکات نرخی ئۆنسەیەک بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو لە سەرووی 1708 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەشێکی زۆری پەیوەندی بە دابەزینی بەهای دۆلارەوە هەیە بەرامبەر دراوەکانی دیکە. 

ئەوە لەکاتێکدایە مانگی رابردوو بە تەنیا لەبەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نرخی زێڕ بە رێژەی 3% دابەزی.

بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 575 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 0.983 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.13 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.54 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 33 هەزار و 350 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 58.73 روبڵی رووسی

ھەواڵی زیاتر