سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون و گفتوگۆکانیان بەردەوامن.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: “تاوەکو ئێستا گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامن و چەندین کۆبوونەوە لەنێوان هەردوولادا کراوە. ئێمە لەسەر ئەو بۆچوونە سوورین کە پۆستی سەرۆککۆمار پۆستی کوردانە و هیی هیچ لایەنێک نییە و ئێمەیش بەربژێری خۆمانمان بۆی هەیە.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، زۆر باشە ئەگەر لەسەر ئەو پۆستە بگەنە رێککەوتنێکی دیاریکراو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوان لەسەر ئەو بۆچوونە سوورن کە دەبێت بە رێککەوتنی سەرکردایەتیی سیاسیی هەردوو حیزب یەکلایی بکرێتەوە.
ڤیان سەبری گوتی: “ئەو پۆستە بۆ کورد زۆر گرنگە و ئێمە وەک پارتی دیدگامان بۆ ئەو پۆستە هەیە کە ئەوەیە ئەو پۆستە بەهێز بکەین بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین. ئێمە دەزانین ئەو پۆستە پارێزەری دەستوورە و لە ساڵی 2005ـەوە بۆ سەقامگیریی سیاسی بەکارنەهێنراوە. هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراون.”
لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ یەکێتی لەسەر بەربژێرکردنەوەی د. بەرهەم ساڵح سوورە یان نا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: “دڵنیا نیم کە یەکێتی لەسەر بەربژێرکردنی د. بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمار سوور بێت، چونکە سێ-چوار بەربژێری هەیە، بەڵام بەربژێری ئێمە رێبەر ئەحمەدە.”
بۆ حکومەتی داهاتووی عێراقیش ڤیان سەبری باسی لەوە کرد کە رێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر لەنێوان لایەنەکانی پەرلەمانی عێراقدا هەیە کە لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و هاوبەشایەتیی راستەقینە و هاوسەنگی لە پۆستەکان و رێککەوتن لەسەر یاسادانان دامەزراوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: “ئەم حکومەتەی دروست دەبێت پێویستە کار لەسەر ئاوەدانکردنەوە بکات، بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بکاتەوە، رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات، یاسای نەوت و گاز دەربکات، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە چارەسەر بکات.”