(١)
هەرگیز فێرنابم
لە کوێی؟!
سەرباری وون بوونت!
هەمیشە هایت لە ڕۆحم
با جیاواز بێ کاتی نێوانمان!
کە هاوسەنگە میلی کاتژمێری دڵم
چەندە دەتەوێ دووربە!
بەردەوام گوێبیستی دەنگتم و
تەماشای پرشنگی نیگای چاوەکانت دەکەم و
بۆنی هەناسەت هەڵدەمژم و
ترپەی دڵت دەژمێرم!
فێری هەموو ئەمانە بووم
بەڵام هەرگیز فێرنابم
بیرت نەکەم!
٭٭٭
(٢)
نووسین
بەبێ خۆشەویستی!
نووسین و وشەی سەر پەڕەکان
تەنها بە با دراون
میوزیکەکان هەمووی ژاوەژاون
شێتیە ئەنجامی سەماکردن
شۆستە و شەقامەکان پڕ ئازارن
باخچە و پارکەکان هەڵپروسکاون
کوکوختی و پاسارییەکان
بێ لانە ماون
ڕێ و ڕەسمە ئاینیەکان
بەبێ باوەڕ ئەنجام دراون
٭٭٭٭
(٣)
پاییزە پیاو
وەرە…!!
پاییزە پیاو
بە چڕنوکی عیشق گەردیلە جەستەی گوڵاڵەژن داگیر بکە
چاوەکانی بکە بە ماڵت
کاتێ ناوت دێتە یادی گوڵاڵەژن، خەیاڵ دەیباتە شەپۆلی ئەوینت و هاوار دەکات چۆن بتوانێت لە ئامێزت بگرێ…!؟
وەرەو ببە بە نالی هەموو شەوێک چەپکێک هۆنراوەی بۆ بچنە
ببە بە قوڕەیشی و ئاوازی فێنکایی بەگوێچکەیدا بچرپێنە
ببە بە قەرەداغی و بە پەنجەکانت هێدی هێدی ناخی بهەژێنە و هێوری پێ ببەخشە.