رۆژنامەی ھەولێر

ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران ئاشکرا دەکرێت

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ یەکشەممە 02ـی 10ـی 2022 ئاماری کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی دوو هەفتەی ڕابردووی ئێرانی دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاو کردەوە و بەپێی ئامارەکە زیاتر لە 133 کەس کوژراون.

ڕێکخراوی (‌ human Right watch) ڕایگەیاند: لە خۆپێشاندانەکانی دوو هەفتەی ڕابردووی ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، خۆپێشاندەران سەرکووتکراون و توندوتیژی بەرامبەریان بەکار‌هێنراوە.

لە ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ هاتووە کە ژمارەی کوژراوان بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 133 کەس.

مەحموود ئەمیری بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە گوتی: ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لێکۆڵینەوە و ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی تاوانی زیاتر.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشووتر ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ژمارەی کوژراوانی بڵاوکردبووەوە کە 92 کوژراو بوون، لە ئاماری ئەمڕۆ ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 133 کەس.