سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى فه‌ره‌نسى كرد

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 2022/10/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز كريستيان كامبۆن سه‌رۆكى كۆمسيۆنى ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى و هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى پيران ‏‏(سێنات)ى فه‌ره‌نسا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ ديدارێكدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و ‏چۆنيه‌تيى بره‌ودان به‌ هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان خرانه‌ به‌ر باس و ده‌رباره‌ى ‏كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووريا، دۆخى ‏سياسى و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م عێراق، بيروڕايان ئالوگۆڕ كرد.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى ‏سياسى، سه‌ربازى و مرۆييى فه‌ره‌نسا دووپات كرده‌وه‌ و به‌تايبه‌تى ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ‏سه‌رۆك ئيمانوێل ماكرۆن و هه‌وڵه‌كانى بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ‏به‌گشتى كرد.‏

به‌ڕێزيان هيواى خواست دۆستانى عێراق هاريكاريى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ‏بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌قامگيریی سياسى له‌ عێراق نايه‌ته‌ ‏ئاراوه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوولاى به‌ كليلى ئارامى و سه‌قامگيريى ‏عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كامبۆن، وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا ‏بۆ هه‌رێمى كوردستان و گه‌ياندنى سڵاوى سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌رۆكى سێناتى ‏فه‌ره‌نسا به‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، جه‌ختى له‌ گرنگيى بره‌ودان به‌ ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تيش له‌ ‏بوارى ئابوورى و وه‌به‌رهێناندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى فه‌ره‌نساى بۆ يارمه‌تيدانى ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانيان و گێڕانه‌وه‌ى ‏سه‌قامگيرى نيشان دا.‏

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، چۆنيه‌تيى ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، ڕه‌وشى ئێزدى و كريستيان و پێكهاته‌كان ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى ‏بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان كونسولى گشتيى ‏فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ‏فه‌ره‌نسا، ئاماده‌ى بوون.