لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و ئوردن، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئوردنی کرد و گفتوگۆیان لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان کرد.
مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەکێتی وەبەرههێنەرانی کوردستان، کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و ئوردن راگەیاند: “ئەمڕۆ چالاکییەکانی دووەم رۆژی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و ئوردن بەڕێوەدەچن، وەک شاندی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک سەردان دەستمان بە چالاکییەکانی ئەمڕۆ کردووە”.
گوتیشی: “بە سەرۆکایەتی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئوردنمان کرد، دەمانەوێت ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ئوردن لە رووی سیاسییەوە هەمانە لە رووی بازرگانی زیاتر بەرەو پێشی ببەین، کۆڕبەندەکە جددییە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی ئوردن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین لێکتێگەیشتن و رێککەوتنیان لەگەڵ ئوردن واژۆ کردون، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رێککەوتوون، بەشێک لە ئەزموون و شارەزاییان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان بگوازنەوە هەرێمی کوردستان.
دوێنێ 1/10/2022، کـۆڕبـەنـدی ھـاوبـەشـی وەبەرهێنان لەنـێـوان ھـەرێــمـی کـوردســتــان و شــانـشــیـنــی ئــوردن لـە عـەممـانـی پـایـتـەخــت ئوردن دەسـتـی بـە کارەکـانـی کـرد.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا یـاداشــتـێــکـی لـێکـتـێــگـەیــشــتـن بـە دامـەزرانــدنی ئــەنـجــومـەنـێـک بـۆ کـاری ھــاوبـەش لـەنــێــوان ھــەردوو یــەکــێـتـی وەبـەرھــێــنـانـی کــوردســتـان و ئــوردن واژۆ کــراوە .