زێلینسكی: تا پوتن سه‌رۆكی رووسیا بێت دانوستان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ناكه‌ین

سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ رووسیا دانوستان ناكه‌ن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ بێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (30ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كدا، وه‌ڵامی پوتنی دایه‌وه‌ كه‌ داوای دانوستاندن و راگرتنی جه‌نگی ئۆكرانیای كردبوو له‌ مه‌ڕاسیمی واژووكردنی بڕیاری لكاندنی هه‌رێمه‌كانی لۆگانسك و دۆنیتسك و خێرسۆن و زابۆریژیا به‌ وڵاته‌كه‌ی.

زێلینسكی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، كیێڤ ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ناچێته‌ هیچ دانوستاندێكه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو پوتن سه‌رۆكی رووسیا بێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكێكی نوێ دانوستاندن ده‌كه‌ین.

سه‌رۆكی ئۆكرانیا گوتی، پوتن نازانێت شکۆ و راستگۆیی چین، ئێمە هاوپەیمانێکی راستگۆین، هەموو رێکارەکانمان بۆ بە ئەندامبوونی ناتۆ تەواو کردوون. لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشماندا سەلماندوومانە كه‌ باوەڕمان به‌ یه‌كدی هه‌یه‌، له‌ هاوكاریكردن و پارێزگاریكردن له‌ یه‌كدیش ناوه‌ستین.

هه‌روه‌ها زێلینسكی جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئه‌ندامبوون له‌ ناتۆ كردووته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئۆکرانیا دەیەوێت ببێتە ئەندامی ناتۆ و پێویستە رێکارەکانی بە ئەندامبوون دەستپێبكات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (30ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، له‌ مه‌ڕاسیمێكدا، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا، واژووی له‌سه‌ر لكاندنی هه‌رێمه‌كانی لۆگانسك و دۆنیتسك و خێرسۆن و زابۆریژیا به‌ وڵاته‌كه‌ی كرد، دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو ریفراندومیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامدابوو.

له‌و مه‌ڕاسیمه‌دا، پوتن ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ راگه‌یاند به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته‌ كیێڤ رێز له‌ خواستی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ بگرێت كه‌ به‌ ئازادانه‌ بڕیاریان له‌ چارنووسی خۆیانداوه‌ وه‌ك مافێكی بنه‌ڕه‌تی، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر رووسیا.

به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی پوتن، 17%ی خاكی ئۆكرانیا كه‌ ئه‌و چوار هه‌رێمه‌ له‌خۆده‌گرێت، به‌ سنووری رووسیای فیدڕاڵه‌وه‌ ده‌لكێندرێت.