د.کارزان محەمەد: نیشانەکانی نەخۆشی هەستیاری گەنم لە دوای تەمەنی ٩ مانگەوە دەردەکەوێت

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

یەكێك لە باوترین نەخۆشی جینی کە پەیوەندی بە پێ نەکەوتنی خواردنەوە هەبێ لە هەموو جیهاندا نەخۆشی هەستیاری گەنمە (گلوتین) ئەم نەخۆشیە چەندین هۆکاری هەیە لەوانە هۆکاری دەوروبەر (مادەی گەنمیان گلوتین و هاوشێوەکانی)، هۆکاری کەسی(بوونی ئەنتی جین).

د.کارزان محەمەد حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی مناڵان و تازە لە دایکبووان ئاماژە بە بوونی نەخۆشییەكە دەكات و دەڵێت: “نزیکەی ٥، ٠ – ١ ٪ خەڵک لە ناو کۆمەڵگاکاندا تووشی ئەم نەخۆشیە ئەبن.
جەختیشدەكاتەوە كە شیری دایک هۆکارێکە بۆ بەرگری کردن لە دەرکەوتنی نەخۆشییەکە.
د.کارزان محەمەد، ڕوونیدەكاتەوە كە: “کاریگەری سەرەکی لەڕیخۆڵە باریکە دەردەکەوێت کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ناو پۆشەکەی، ئەم نەخۆشییە لە هەموو تەمەنێکدا روودەدات. لە مناڵاندا بە زۆری لە تەمەنی ٩-١٨ مانگدا دەردەکەوێت چونکە لەو تەمەنەدا مناڵ بۆیەکەم جار گەنم دەخوات. نەخۆشیەکە لە ڕەگەزی مێ زۆرتر ڕوودەدات بە رێژەی ١:٣ لە چاو نێردا.
ئاماژە بەوەش دەدات، كە هەندێک کەس ئەگەری تووش بوونیان زیاترە لە کەسانی تر، بۆ نمونە کەسییەکەمی ئەوانەی تووش بووی نەخۆشیەکەن،یان ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەمیان هەیە، جۆرێکی تایبەتی نەخۆشی غودە، هەروەها لە هەندێ کۆنیشانەدا وەک کۆنیشانەی داون.
لە بارەی نیشانەکانی نەخۆشییەكەوە د.کارزان محەمەد، گوتی: “نیشانەکانی لە دوای تەمەنی ٩ مانگەوە دەردەکەوێت پاش پێدانی گەنم(وەکو: سکچوونی درێژخایەن، ئاوسانی سک، نەمانی ئارەزووی خواردن، ئازاری سک، دابەزینی کێش، بەدخۆراکی، ڕشانەوە، تێکچوونی باری دەروونی مناڵ).
لە تەمەنی گەورەتردا وەکو(هێڵنج، ئازاری سک، پێچ و غازات، قەبزی و ناو بە ناو سک چوون).
نیشانەکانی لە دەرەوەی کۆئەندامی هەرس وەک(ئێسکە نەرمە، کورتی باڵا، دواکەوتنی باڵق بوون، کەم خوێنی، نیشانەی تر لە پێستدا، تێکچوونی ددان…. هتد).

چۆن نەخۆشییەكە دەستنیشاندەكرێت؟
د.کارزان، دەست نیشانکردنی نەخۆشی گەنم: “بە دوو ڕێگە دەستنیشاندەكرێت ئەوانیش: شیکاری تایبەتی خوێن. دووەمیش شیکاری شانەیی ناو پۆشیڕیخۆڵە دوای وەرگرتنی نموونە لەڕێی ناوسک بینەوە.
گرنگە ئەوە بزانرێت کە تەنها ئەو شیکاریانە پێویستە بۆ دەست نیشان کردنی نەخۆشیەکە پشتی پێ ببەسترێت کە تەواو تایبەتن بەم نەخۆشیە.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە جگە لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە، پێویستە دوای ئەو شیکاریانە ئینجا بریار بدرێت کە ئەو کەسە نەخۆشی هەستیاری گەنم (گلوتین) ی هەیەیاخوود نا.

چیبكرێت بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە؟
د.کارزان، بۆ گرنگترین خاڵی چارەسەر دوورکەتنەوەیە لە خواردنی گەنم و پێکهاتە هاوشێوەکانی گەنم دوای دەست نیشان کردنی نەخۆشییەکە.
پاش دوورکەوتنەوە لەم مادانە نەخۆش هەست بە باش بوونی نیشانەکانی کۆئەندامی هەرس دەکات لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا(٤-٨ هەفتە).
پاشان گەشە و کەم خوێنی و نیشانەکانی تر بەرەو باش بوون ئەڕوات.
لە كۆتایی ئامۆژگارییەكانیدا د. كارزان، ئاماژەی بەوەدا كە: هەندێ خۆراک بە شێوەی شاراوە گەنم لە پێکهاتەکەیدا هەیە، بۆیە دەبێ دایک و باوک ئاگادار بن کە ئەو جۆرە خۆراکانە نەدەن بە مناڵی تووش بوو. بۆ نمونە خواردنێکی ئامادە کراو کە گلوتین لە پێکهاتەکەیدا هەیە. هەروەها ئەو خواردنانەی کە منداڵی تووشبوو ئەتوانێ بیخوات وەکو برنج، پاقلەمەنی، پەتاتە.

ھەواڵی زیاتر