جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پرۆسەی ھەڵبژاردنی کۆنگرە بەردەوامی ھەیە و تا ئێستا ھەڵبژاردن لە چوار پارێزگا تەواو بووە و لە پارێزگاکانی دیکەش بەردەوامە و ئەمڕۆش لە چەند بازنەیەک ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان راگهیاند: پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بەردەوامە، ئەمڕۆ لە بازنەی لیژنەی ناوچەی فەرمانبەران لە ھەولێر و لە سنووری شێخان لە لیژنەی ناوچەی مەقلوب و لە سێمێلیش ھەڵبژاردن دەکرێت، و لەم دوو رۆژە لە بەغداش کۆتایی پێدێت.
نەجات حەسەن گوتیشی: ھەر یەکە لە پارێزگاکانی ھەڵەبجە، سلێمانی، کەرکووک و موسڵ کۆتایی بە ھەڵبژاردن ھاتووە و لقی شنگالیش تەواو بووە، ھاوکات لە ھەولێر و دھۆکیش بە پێی بەرنامەی دانراو بەردەوامە تا ئەوانیش تەواوبن، چونکە خشتەیەک دانراوە و بە پێی ئەو خشتەیە ھەڵبژاردن دەکرێت.