24 کچ خۆبەخشانه‌ خزمه‌تی نه‌خۆشه‌كانی كفری ده‌كه‌ن

رۆژانە لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گه‌رمیانی لە قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، چەندین کچی خۆبەخش هاوشانی کارمەندانی نەخۆشخانەکە خزمەت بە کەرتی تەندروستی دەکەن وەک خۆیان دەڵێن: ده‌یانه‌وێت ئه‌و زانسته‌ی هه‌یانه‌ له‌ خزمه‌تی دانیشتوانی شاره‌كه‌یاندا به‌كاری بهێنن.

 خۆبه‌خشان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌ناوه‌نده‌ حكومییه‌كان دا به‌بێ بونی گرێبه‌ست و موچه‌ی بڕاوه‌ و دیارییكراو، ده‌وام ده‌كه‌ن به‌شێكی به‌رچاو له‌ خۆبه‌خشانی ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌ حكومییه‌كان له‌ ره‌گه‌زی مێن.

 مژده یوسف، ٢٣ ساڵ، ماوەی سێ ساڵە لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گه‌رمیانی لە کفری کاری خۆبەخشی دەکات دەربارەی ئامانجی لەکاری خۆبەخشی وتی: دەمەوێت ئەو زانستەی لە زانکۆ فێری بوم بیرم نەچێتەوە و بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌كاری بێنم.

ژمارەی خۆبەخشەکانی نەخۆشخانەی شەهید خالید گه رمیانی بریتین لە ٢٤ خۆبەخش لەبەشەکانی (نەشتەرگەری، تاقیگە، تیشک و فریاکەوتن) کاردەکەن. به‌شێك له‌وانه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی خۆبه‌خشیه‌وه‌ ده‌رفه‌تی كاری دیكه‌یان ده‌ست بكه‌وێت.

 “ئامانجم ئه‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی كاری خۆبه‌خشییه‌وه‌ ببمه‌ خاوه‌ن ئه‌زمون و ده‌رفه‌تی دامه‌زراندن و كارم ده‌ستبكه‌وێت ئەمە قسەی ئاڵا ئەحمەد، ٢٦ ساڵ خۆبەخشێکی دیکەی نەخۆشخانەکەیە. دەشڵێت: من چەندین ساڵ خوێندم تاکو بتوانم بەهۆی خوێندنەکەمەوە کار بکەم و پێویستم بە یارمەتی و دەستی کەس نەبێت.

 ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی كارمه‌نده‌ خۆبه‌خشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ دیارییكراوه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ رۆڵیان به‌ گرنگ ده‌زانن.

سامان سەرتیپ، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی دەڵێت هەبونی ئەم کچە خۆبەخشانە بۆ نەخۆشخانەکە زۆر گرنگە ئێمە سودێکی زۆر لە کچە خۆبەخشەکان دەبینین و رۆڵێکی زۆریان هەیە و ئاسانکاریی بۆ ئێمە دەکەن.

به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كفری ده‌ڵێت: خۆبه‌خشان رۆڵێكی گرنگیان هه‌یه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان دا.

 خۆبەخشەکان جگە لەوەی هیچ پارەیەک لەبەرامبەر ماندوبونەکانیان وەرناگرن دەبێت خۆیان خەرجی هاتوچۆشیان دابینبکەن ئەمەش زیاتر بێزاری کردون.

 مژده یوسف، نیگەرانی خۆی لەمبارەیەوە دەربڕی و وتی: بێگومان بۆ ئێمە بارگرانیە کە دەبێت خۆمان خەرجی بکەین و دواتریش هیچ پارەیەک وەرنەگرین، بەڵام ئامانجی من وەرگرتنی زانیاریە بۆیە بەردەوامم.

به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ش پشتگیریی دامه‌زراندنی ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ ده‌كات بۆ بره‌ودانی زیاتر به‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان.

 “زۆر گرنگە کچانی گەنج بۆ نەخۆشخانەکە دابمەزرێندرێن، چونکە بەردەوام بەشی تازە بۆ نەخۆشخانەکە دەکرێتەوە و هەبونی ئەوان یارمەتیدەر دەبێت ئه‌گه‌رچی دامەزراندنیان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە.

ھەواڵی زیاتر