سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: لە نێوان لایەنەکان نزیکبوونەوە هەیە و پەرلەمان لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆدەبێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نزیکەی ساڵێک دەبێت ھەڵبژاردن لە عێراق کراوە، بەڵام پەرتەوازەیی ناو ماڵی شیعە پرۆسەی سیاسی عێراقی بەرەو تونێلێکی داخراو بردووە. پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، دەڵێ، پارتی دەیەوێ لایەنەکان بگەنە خاڵی ھاوبەش بۆ ئەوەی عێراق لەو قەیرانەی تێیدایە دەربازی بێت. دەشڵێ، ھەر حکوومەتێک بێتە سەر حوکم دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکات، کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبن.

پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی ھاوبەش، لە بارەی پرسە جێناکۆکەکانی نێوانیان و بە کاندیدێکی ھاوبەش دەچنەوە بۆ بەغدا، بە گوتەی بەرپرسانی پارتی بابەتی سەرکۆمار، نەبووەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق.
چاوەڕوان دەکرێت، دوای تەواوبوونی مەراسیمەکانی چلەی پێشەوا حوسێنی کوڕی عەلی، ھەوڵەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ چڕ بکرێنەوە.
دوای کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھاوپەیمانییەی لەگەڵ پارتی و سوننەکان کردبووی، ئیدی ھەریەک لە پارتی و سوننەکان دەستیان واڵایە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
چوارچێوەی ھەماھەنگی پێداگری دەکات لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی خزمەتگوزار کە خزمەت بە ھەموو عێراقییەکان و بەرژەوەندییەکانیان بکات بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت سەرکەوتووبێت لە پێکهێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق و حکوومەتی ھەرێمیش وەک لایەنەێکی سەرەکی پێکهێنەری عێراق دەبینێت و بە گرنگییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و بەبێ جیاوازی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراق.
لیژنەیەکی ١٣ کەسی بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکوومەتی نوێی عێراق پێکهێندراوە و ئەندامەکانی لە لایەنەکانی بەشدار بوو لە پەرلەمانی عێراق پێکهاتوون لە پێنج ئەندامی لیژنەکە شیعەن لە چوارچێوەی ھەماھەنگین، چوار سوننە کە ئەندامی عەزم و تەقەدومن بە کوتلەی سیادە ناسراون، چوار ئەندامی ئەو لیژنە کوردن دوو پارتی و دوو یەکێتی ئەم لیژنەیە وەک ھەنگاوی سەرەتا کۆبوونەوەی خۆیان کردووە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاشکرایکردووە، بۆ دۆزینەوەی کێشەکانی عێراق، داوای دەستپێکردنی دانیشتنی سێیەمی دیالۆگی نیشتمانی دەکەم، دووپاتیدەکاتەوە، ھیچ رێگەیەک لەبەردەمیاندا نییە جگە لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی لایەنەکان.
شاندی پارتی لە بەغدایە و بەردەوام لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان دانوستان دەکات بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و کوردستان، دانوستانەکانی پارتی لەگەل ھەموو لایەنەکانە بەبێ جیاوازی، پارتی دەیەوێ لایەنەکان بگەنە خاڵی ھاوبەش بۆ ئەوەی عێراق لەو قەیرانەی تێیدایە دەربازی ببێت، چونکە ئەگەر پەرلەمان کۆ نەبێتەوە و حکوومەتی نوێ پێک نەیەت ئەوە ناتوانن ھەنگاو بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە بنێن.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە “ھەولێر”ـی گوت:”بارودۆخی عێراق لەگەڵ پێش ماوەیەک ئارامتر بووە، گرژی و ئالۆزیەکان خاو بوونەتەوە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بەردەوام گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی خۆی بکات و سەرکۆمار ھەڵبژێردرێت و حکوومەت پێک بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەبێ سەدر حکوومەتی نوێ کارێکی ئاسان نابێت، چونکە ئەگەر رەزامەندی سەدر لەسەر نەبێت، ئەو حکوومەتە رووبەرووی کێشەی گەورە دەبێتەوە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتیشی:” تا ئێستا دیار نییە چ رۆژێک پەرلەمان کۆ دەبێتەوە، بەڵام لیژنەکانی پەرلەمان دەستیان بە کارەکانی خۆیان کردووە، ئەو پرۆژەیاسانەی دراونەتە لیژنەکان کاریان لەسەر دەکەن، بەس ماوە رۆژێک دیاری بکرێت بۆ دانیشتنەکان، بەڵام ئەوەش پێویستی بە گفتوگۆی زیاتری لایەنەکان ھەیە.
شێروانی، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە:” ئەو حکوومەتەی ئێستا ھەیە حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە، عێراق بێ بودجەیە، ئەگەر بۆ ساڵی داھاتووش یاسای بودجە نەبێت کێشە داراییەکان زیاتر دەبن، بۆیە چەند زووتر حکوومەتی نوێ پێک بێت باشترە، بۆ ئەوەش باشترە گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکان ھەبێت تا کۆتایی بە کێشەکان بێت و بارودۆخی عێراق ئارام بێتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر حکوومەتی نوێ پێکھات، حکوومەتێکی کاتی دەبێت، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکات و بودجەی ٢٠٢٣ پەسەند بکات.
گفتووگۆکان بەو ئاراستەیەن، کە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی تێگەیشتنیان بۆ تێبینی و داخوازییەکانی کورد ھەیە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە بۆ کێشەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ و کەرکووک، شنگال، یاسای نەوت و گاز، دەسەڵاتەکانی ھەرێم، دارایی و پشکی ھەرێم لە بودجەدا، بگەڕێنەوە بۆ چارەسەرە دەستوورییەکان، ھەر لەم بارەوە سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتی:” داواکاریەکانی کورد دیارن ھیچ داواکاریەکی نییە کە لە دەرەوەی دەستووری عێراق بێت، کورد دەیەوێت حکوومەتێکی مەدەنی ھەبێت، ئەو ماددانەی پەیوەندیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە وەکو خۆ جێبەجێ بکرێن، چونکە لە رابردوو ئەو ماددانە جێبەجێ دەکران کە دژی ھەرێمی کوردستان بوون، بۆیە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، بوودجەیە، بەھێزکردنی پێشمەرگەیە، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، ھەروەھا دەرچوونییاسای نەوتو گازە، لەگەڵ پرەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت، بۆیە ھەر حکوومەتێک بێتە سەر حوکم دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکات، کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبن”.

ھەواڵی زیاتر