نرخی نەوت و زێڕ لە دابەزینە 

هەرچەندە نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە بەرزبوونەوە کرایەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە بەردەوامی مامەڵەکانی ناو بازاڕ رووی لە دابەزین کرد و درێژەی دا بە دابەزینی بەرچاوی هەفتەی رابردوو کە گەیشتبووە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا.

رۆژی دووشەممە 26-9-2022، هەر بەرمیلێك نەوتی برێنتی دەریای باکوور 53 سەنت دابەزی و بە 85 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 47 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 26 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە ئەو نیگەرانییە دوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا سەریهەڵدا.

ڤیڤیک زەهر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمێرز بانک لەو بارەیەوە رایگەیاند ” کەمبوونەوەی خواست بەهۆی سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە، بەڵام هێشتا تووندبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا لە ئۆکراینا دەکرێت ببێتە هۆکارێکی جیۆسیاسی بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکانی نەوت.”

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 100 دۆلار.

نرخی زێڕ دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2020ـەوە

نرخی زێڕ دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی بەهای دۆلار بەرزبووەوە بۆ ئاستێکی نوێ کە لە 20 ساڵی رابردوودا بێ وێنەیە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 1643 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەوپێیەش نرخی زێڕ گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی لە سەرەتای ساڵی 2020 بەدواوە.

نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بووەتە هۆکار بۆ داڕمانی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران روو لە کڕینی دۆلار بکەن وەک سامانێکی سەلامەت. جگە لە نرخی زێڕ، نرخی کانزکانی دیکەی وەک مس و زیو دابەزیوە.

پاوەند و یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزین

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهای پاوەند بەرامبەر بە دۆلار گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی و بەهای یۆرۆش بەهۆی رەوشی ئابووریی ئەوروپا گەیشتە نزمرتین ئاستی خۆی لە 22 ساڵی رابردوودا.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بەهای هەر پاوەندێک بەرامبەر بە دۆلار بە رێژەی 5٪ دابەزی و یەک پاوەند بە 1.0384 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری دابەزینی بەرچاوی بەهای پاوەند ئەو گومانانەیە لەسەر رەوشی بودجە و دارایی حکومەتی بەریتانیا هەیە بەتایبەتی دوای ئەوەی کە لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێ باجی لەسەر هاووڵاتیان و بازرگانەکان کەمکردەوە.

کواسی کوارتێنگ، وەزیری گەنجینەی بەریتانیا پاکێجێکی نوێی کەمکردنەوەی باجی راگەیاند کە بە گەورەترین پاکێجی کەمکردنەوەی باج لەو وڵاتە هەژمار دەکرێت لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا.

هەروەها بەپێی داتا ئابوورییەکانی بەریتانیا کە هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەتەوە، چالاکیی بازرگانی لە بەریتانیا لە مانگی 8 بەراورد بە مانگی 7 دابەزیوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری بەهای پاوەند بەرامبەر بە دۆلار.

لەلایەکی دیکەوە بەهای یەک یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار بە رێژەی 0.5٪ دابەزی و هەر یۆرۆیەک بە 0.9643 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ھەواڵی زیاتر