“ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا” ناونیشانی گفتوگۆیەکی درێژی هەڤاڵ کوێستانی-یە لەگەڵ شاعیر کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس، کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 311 لاپەڕدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم کتێبە گفتوگۆیەکی درێژە سەبارەت بە قۆناغەکانی ژیان و تەمەنی شێرکۆ بێکەسی شاعیر و لەوێدا خوێنەر بە دەیان نهێنی ژیانی ئەم شاعیرە ئاشنا دەبێت و بەشێکی زۆر لە قۆناغەکانی ژیانی دەگێڕیتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی شیعریی و ئەو هەنگاوانەی بۆ نوێکردنەوەی ئەزموونی شیعریی خۆی داویەتی.
هەڵبەت بەشێکی گفتوگۆکەش تەرخانە بۆ سیاسەت و بەو پێیەی ژیانی شاعیر لە قۆناغە جیا جیاکاندا دابڕاو نەبووە لە سیاسەت و لەوێدا وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە. سەبارەت بە کاتی گفتوگۆکە لە کتێبەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەم گفتوگۆیە نوێ نییە و ساڵانێکی زۆرە ئەنجام دراوە، بەڵام وەکو ناوەرۆک و گرنگی وەڵامەکان زۆرینەیان بۆ ئێستاش تازەن و زەرورەتی خوێندنەوەیان لە دەست نەداوە.
جێی ئاماژەیە ئەم گفتوگۆیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1985 بە شێوەی کتێب لە شاخ لە چاپدراوە و ئەم چاپەی ئێستای چاپی دووەمییەتی.