بە بۆنەی (ڕۆژی جیهانیی ئاشتی)، گەلەریی شاندەر پێشانگایەکی هاوبەشی بۆ شێوەکارانی کورد لەسەر سەنتەری ڕۆشنبیری قەڵای هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی کردەوە.
پێشانگاکە، چەندین تابلۆی ناوازەی لێ نمایش کرا، کە گوزارشتی لە ئاشتی و پێکەوەژیانی نەتەوە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان دەکرد و توانست و سەلیقەی جوانی هونەرمەندانی شێوەکارانی کورد بە خامەی ڕەنگاوڕەنگیان تابلۆی سروشت و جوانی هەولێر دەکرد.
(هاوکار ڕسکن) سەرپەرشتیاری گەلەریی شاندەر لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە، لە ڕێگەی ئەو تابلۆ جوان و ناوازانەوە ئاشنا دەبین بە وزە و سەلیقەی جوانی ئەو شێوەکارە کوردانەی، کە سەلمێنەری ڕاستی پێشکەوتنی هونەری شێوەکارییە لە هەرێمی کوردستان و تابلۆکانیان بوونەتە جێی سەرنجی میوانانی بیانی لە هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: پێشانگاکەمان ماوەی ٦ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و سپاسی سەنتەری ڕۆشنبیری قەڵای هەولێریش دەکەین، کە هاوکارمان بوون و هەماهەنگییان لەگەڵ ئێمەدا کردووە بۆ کردنەوەی ئەو پێشانگایە.