چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئەمریکا بە سێ قۆناغ پشتیوانییەکانی بۆ پێشمەرگە زیاتر دەکات

هەرچەندە لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی پێشمەرگە بووە لە شەڕی دژی داعش، بەڵام ئەمجارە بە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پابەندیی خۆی بە راهێنان بۆ پێشمەرگە و پێشکەشکردنی هاوکاری لۆجستی دووپات کردەوە، لە رێوڕەسمێکدا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئامادەی بوون، بە روونی باس لە زیاترکردنی پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کراوە .

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی واژۆکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە رایگەیاند:” سوپاسی ئەو پشتیوانییەی ئەمریکا دەکەین بۆ پێشمەرگە کردوویەتی و بەردەوامیشە .”

واشنتۆن پێشتر چەندین جار هەڵوێستی خۆی دووپاتکردووەتەوە لە پشتیوانی بۆ پێشمەرگە،چەندین کاروان هاوکاریشی پێشکەشی پێشمەرگە کردووە .

نێوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و پێشمەرگە بۆ راهێنان و هاوکاری لۆجستی
یاداشتنامەکەی پێنتاگۆن و پێشمەرگە بریتییە لە هاوکارییەکانی نێوان پێنتاگۆن و پێشمەرگە و هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە سێ جۆرن، لۆجستی: مەشق و راهێنان و توانای جەستەیی. راوێژکاری: بۆ پەرەپێدان و زانیاری هەروەها کۆمەکی سەربازی، بەپێی گوتەی کۆلۆنێل سۆریا سەرۆکی تیمی راوێژکارانی ھێزەکانی ھاوپەویمانان ئەمریکا پلانی هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دەست بە مەشقەکانی بە پێشمەرگە بکاتەوە، پێش دوو هەفتە بەرپرسێکی ئەمریکی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو یاداشتە واژۆ دەکرێت داوای ھەماھەنگیی زیاتریشی کرد لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە پێناو زوو پێکھێنانی دوو لیوا ھاوبەشەکەی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان ھەردوولا.
میدیای ئەمریکا لەبارەی ئەو یاداشتەوە رایگەیاندووە:” یاداشتەکە بۆ مەشق و بەهێزکردنی پێشمەرگەیە لە ماوەی داهاتوودا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.
پێشتر فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند:” لە ساڵی دارایی 2022دا 219 ملیۆن دۆلار پێشکەشی هاوبەشانمان لە عێراق و سووریا کراوە، لە ساڵی 2014شەوە بە بەهای نزیکەی 9 ملیار دۆلار هاوکاری ئەو هێزانە کراوە لە شەڕی دژی داعش
شوباتی ئەمساڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لەبارەی شەڕی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە رایگەیاندبوو:” من لەگەڵ هاوبەشانمان لە کوردستان کارم کردووە ، ئەوان باشترین و بە تواناترین هاوبەش و پشتیوانی ئێمەن، لە 2004وە لەگەڵیان کارم کردووە، لە یەکەم سەردانمەوە بۆ عێراق، بەمدواییەش لەوەتەی شەڕی داعش لە 2014، من وای دەبینم ئەوان باشترین و بە تواناترین هاوپەیمان و دۆستی ئێمەن .

لەوەتەی پێشـمەرگە چالاکانە شەڕی داعش دەکات، ئەمریکا چەند جارێک کاروانی چەک و هاوکاری سەربازی رادەستی پێشمەرگە کردووە، ساڵی رابردووش 4 کاروان هاوکاری سەربازی دایە پێشمەرگە .
ئەو هاوکاراییانە لە چوارچێوەی پشتیوانی و بودجەی ئەمریکایە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی داراییدا، هەموو ئەو بودجەی سەرۆکی ئەمریکا پەسندی کرد 771 ملیار دۆلارە، 260 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دانراوە لە ساڵی داراییدا و 177 ملیۆنیش بۆ دوو هێزی سەر بە ئەمریکا دانراوە، یەکێکیان هێزەکانی سووریای دیموکراتە
دابینکردنی بودجە بۆ هاوکاری پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا لەکاتێکدایە جموجۆڵی چەکداران لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامە،
واشنتۆن لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین کاروانی هاوکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە ناردووە، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 4 کاروانی هاوکاری سەربازی نارد کە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی دیکە لە خۆدەگرێت، لە مانگەکانی تەمموز و ئەیلولی ساڵی رابردوو زیاتر لە ٢٠٠ زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی و پێویستی دیکە درانە پێشمەرگە، بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە ئەرکی هێزەکانی لە شەڕکەرەوە بۆ راوێژکاری گۆڕیوە، ئێستا نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقن و بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن.