چەند شەونشینییەک لەگەڵ شاكارە مەزنەكەی عەزیز گەردی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەندێک نووسەر هەیە بۆ مەرگیان گەلێک بەداخ بووم و ئاواتی ئەوەم خواستووە تەمەندرێژتر و بە بەرهەمتر بن، بەڵام مۆتەکەی مەرگ ئاواتەکەی خامۆش کردووم. یەکێک لەو نووسەرانە عەزیز گەردی بوو، کە ساڵانێکی زۆر بەبێ ئەوەی لە نزیکەوە بیشیبینم ئاواتی تەمەندرێژیم بۆ دەخواست، بۆیە هەم نەخۆشکەوتنەکەی و هەم کۆچی دوایی ئەم زاتە شۆکهێنەربوو بۆم.

نزیکەی بیست ساڵە بەرهەمەکانی ئەم نووسەر و وەرگێڕە دەخوێنمەوە و چەند ساڵێکیش خولیای ئەوەم هەبوو لە نزیکەوە بیبینم و دووجار لە بەحرکە سەردانی ماڵیم کرد، بەداخەوە دەرفەتی بینینی نەڕەخسا. تا جارێک لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بینیم و خولیاکەم بووە ڕاستی و گەلێک خۆشحاڵبووم بە بینینی و لەو یەکتربینینە کورتەدا چەند پرسیار و گفتوگۆیەک کەوتە نێوانمانەوە کە هەرگیز بیرم ناچێت. ئێستا نزیکەی 80 کتێبی چاپکراوی ئەم نووسەر و وەرگێڕە لە کتێبخانەکەمدایە و زۆرێکیانم خوێندووەتەوە. لە دڵەوە عاشقی کارەکانی بووم نووسینەکانی ئەگەر زیاتر نەبووبێت لە وەرگێڕانەکانی هەرگیز کەمتر نەبووە. یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی ژیانی ئەم نووسەرە کارکردن بوون لەسەر ساغکردنەوەی کێشەکانی عەروزی عەرەبی لە شیعریی کلاسیکی کوردیدا. ئەم پرۆژەیە دەمێک ساڵە دەستی پێکردووە و یەکەمجار لە ساڵی 2003دا بەشێک لەم پرۆژەیەی لە دوتوێی کتێبێکی 790 لاپەڕەییدا چاپ و بڵاوکردەوە. دووراودوور ئاگاداربووم کە کار لەم پرۆژەیە دەکات، بەڵام بەداخەوە دوای تەواوکردنی مەرگ مەودای نەدا خۆی چاپکردنەکەی ببینێت.
دوای مەرگی ئەم نووسەرە مەزنە، دەزگای فام کتێبەکەیان لە دوتوێی حەوت بەرگدا و بەناونیشانی “ڕابەری کێشی شیعری عەرووزی کوردی” پرۆژەکەیان بۆ بەچاپ گەیاند. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “سەرەتای بایەخدانی من بە زانستی عەرووز بۆ سەرەتای حەفتاكان دەگەڕێتەوە، ئەوسا لە ڕێی چەند سەرچاوەیەكی باشی عەرەبییەوە توانیم تا ڕادەیەك لەم زانستە شارەزا بم.” دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “ئەم ڕابەرە، هەروەكوو لە ناونیشانەكەیەوە دیارە تایبەتە بە كێشی شیعری عەرووزی كلاسیكی و تەنیا ئەو شیعرانەی شاعیرەكان دەگرێتەوە كە بە عەرووزی دەسكاریكراوی عەرەبی هۆنراونەتەوە.”
ئەم ڕابەرە (144) شاعیری كلاسیكیی كوردی گرتۆتە خۆ، کە بەشێکیان تا هەنووکەش لە ژیاندا ماون، بەڵام هەر پەیڕەوی لەو کێشە عەرووزیانە دەکەم بۆ نووسینی شیعر. ئەم کتێبە یەکێکە لە سەرچاوە دەگمەنەکانی ناسینی شیعریی کلاسیکی کوردی و ئاشنابوونی خوێنەر بەکێشە عەرووزییەکانیان. ئەمە بێجگە لەوەی نووسەر هەوڵی داوە جۆرێک لە ساغکردنەوەش بۆ کێشە عەرووزییەکان و ڕیشەکانیان بکات.
دەمێک ساڵە خوێنەری شیعریی کلاسیکی کوردیم، بەڵام ئەم چەند شەوەی شەونخونیی لەگەڵ ئەم ڕابەرەدا دەکەم بە گەلێک لە پەنهانەکانی شیعریی کلاسیکی ئاشنابووم کە پێشتر هەرگیز نەمزانیبوو. ئەم کتێبە سەرەتایەکی گرنگ و پتەوە بۆ ئاشنابوونی ڕاستەقینە و ئەکادیمیی و زانستیانە بە کێشە شیعرییە کلاسیکییەکان و کێشی عەرووزی عەرەبی.
ناوی عەزیز گەردی ئەگەرچی بێ ئەم بەرهەمەش هەر نەمرە، بەڵام ئەم بەرهەمە نەمرتری کرد. ئەم بەرهەمە کارێکی کرد پرۆژەی لێکۆڵینەوەکانی ئەم نووسەر و ئەکادیمیستە بگاتە کامڵبوون و بەبێ ئەم کارە دەکرا بڵێین پرۆژە ئەدەبی و توێژینەوەکانی کامڵ نین، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە بە بوونی ئەم بەرهەمە هەست بە کامڵی پرۆژە مەعریفییەکەی دەکەین.
دەستخۆشی بۆ دەزگای فام و بەڕێوەبەرانی دەزگاکە بە شێوەیەکی جوان شایستە ئەم بەرهەمەیان بۆ ئەم نووسەرە مەزنە بە چاپ گەیاندووە.

ھەواڵی زیاتر