چرۆ محەمەد عومەر
ترس لە حیجاب (رووسەر) لەلایەن سیستم و حکوومەتەوە جگە لەوەی ترسێکە مرۆڤ دەهێنێ پێی پێبکەنێ، لەهەمانکاتدا دەهێنی وەکو شەرمێکی سیاسی لێی بڕوانێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە رووندەکاتەوە کە سیستمی ئازادیکوژ چەند مەترسیدارە، چەند خەونکوژ و چەند تۆقێنەرە، چەندیش دەهێنێ زوو لێ هەڵسی و رووبەڕووی ببیتەوە بۆ
ئەوەی کۆتایی بێت.
رووسەرەکەی ژینا بەشێکە لە ئازادیی مرۆڤ، ئازادیی ژیان و بیرکردنەوە، ئازادیی ئەوەی مرۆڤ خۆی بڕیار لەوە دەدات چۆن دەژی و چی رێباز و سیاسەت و ئاینێک هەڵدەبژێرێ، رووسەرنەپۆشینیش وەڵامی ژینا بوو بۆ سیستمی زۆردار و ئازادیکووژ، نا کردن بوو بە رووی زۆردارییەک کە زیاتر لە سی ساڵە ئەو سیستمە خەڵکی پێ دەکوژێ.
دەوڵەتی ئایین و سیستمگەرا بیرناکاتەوە بۆ ئەوەی ژیان
بەرەو بەختەوەری ببات، بیرناکاتەوە لەوەی مرۆڤ لە سایەیدا بەختەوەر بێت و رەنگ و دەنگی هەبێت، بەڵکو ئەو جۆرە سیستمە بڕوای بە دروستکردنی مرۆڤی گوێڕایەڵ و بێ دەنگ و رەنگ و خەون هەیە، مرۆڤی وای دەوێت کە قسەی نەبێت و بیرنەکاتەوە، سیستمی مەزهەبگەرا کۆمەڵگەی مێگەلی دەوێ کە بێ پرسیار و گومان بێت.
ژینا لەو جۆرە مرۆڤانە بوو کە سیستمی مەزهەبگەرایی
رەتکردەوە، ئەو ئافرەتێک بوو خەونی بۆ ژیان و نەتەوە و کۆمەڵگە و ئافرەتان هەبوو، ئەو رووسەری بە زۆر سەپێندراوی رەتکردەوە، بڕوای بەوە نەبوو بیرکردنەوە و جەستەی دیلی سیستمی مەزهەبگەرا بکات، بۆیە لەپێناو ئازادیدا رووبەڕووی
مەرگ بووە و رۆحیشی بەخشی.
ئێستا کە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ژینا هاتووەتە دەنگ و بە رووی سیستمە سیاسییە بکوژەکەدا وەستاوەتەوە، لەسەر ئاستی کوردستان و جیهانیش هاوسۆزییەکی بۆ دروستبووە، دەرفەتێکە باشە بۆ ئەوەی بکریتە قۆناغی بووژانەوەی نەتەوەیی و بەهۆیەوە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرەو ئازادیی ببات.