حکوومەتی عێراق سەرەڕای ئەو بودجە زۆرەی هەیەتی، حەقی هەرێمی کوردستان نانێرێت و کوردستان پشتی بە خۆی بەستووە، جێگری سەرۆکی لێژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، عێراق ٢٠٠ ملیار بە هەرێمی کوردستان ڕەوا نابینێت، ئەوە نۆ مانگە لە ساڵی ٢٠٢٢ تەنیا دوو جار ناردوویەتی.
حکوومەتی عێراق خۆی مات کردووە لە نەناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنارد بەپێی ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، پەیوەست بەمە، هیڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕیی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پارەی٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدات بە بەغدا، عێراقیش بەرانبەر ئەمە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، حکوومەتی هەرێم بەمە ڕازی بوو و ڕێک کەوت و، باقی تری نەوتەکەی هەرێمی کوردستان کە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت بوو بفرۆشێت و ئەوکات، باقیەکەی تری بداتە دەستحەقی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان نەوت بەرهەم دێنن، حکوومەتی عێراق پابەند نەبوو بە دەستوور و ڕێککەوتنەکانیش، ئەمساڵیش لەبەر ئەوەی بودجە نییە بەپێی قانوونی ئیدارەی مالی کە لە عێراق دەرچووە، دەبێت کاتێک کە بودجە دەرنەچوو یەک لەسەر ١٢ـی بودجەی ساڵی پێشتر خەرج بکرێت.”
جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: “ نە پار حکوومەتی عێراق پابەند بووە، نە ئەمساڵیش کە مانگانە ئەم پارە بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، لە ٢٠٢٢ حکوومەتی عێراق لە ماوەی نۆ مانگدا تەنیا دوو جار پارەی ناردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی داوە مووچەی گشت مانگێک دابین بکات بۆ مووچەخۆرانی خۆی و پشتی بە خۆی بەستووە و نەیهێشتووە شکستی عێراق و پابەندنەبوونیان بە وەعد و بەڵێن کاریگەری لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابنێت.”
عێراق مانگانە زیاتر لە ١٠ ملیارد دۆلار بەس داهاتی نەوتی هەیە لە خۆی ڕانابینی ١٣٧ ملیۆن دۆلار بنێرێ بۆ کوردستان کە یەک لەسەدیش نابێ، بۆچی نەیناردووە هیچ هۆکار و کێشەیەک نییە، تەنیا لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستانە و بۆ کوردە. کاک قوباد جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت چووە بەغدا ڕێککەوتن و وەعدیان دا، کەچی عێراق جێبەجێی نەکرد و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و هەراوهۆسەی ناو عێراقیان کردە هەلێک و ٢٠٠ ملیارەکەشیان نەنارد تا ئیستاش ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گشتیان دەزانن عێراق بەم شێوەیەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و لێی بێدەنگن”.