پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نرخی نەوت دابەزی

رۆژی هەینی نرخی نەوت بە رێژەی 5٪ و بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا دابەزی، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و نیگەرانیی لەوەی کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت.

نرخی نەوتی برێنت 4 دۆلار و 31 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 6٪ دابەزی و بە 78 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

ئەمە چوارەمین هەفتەی یەک لە دوای یەکە نرخی نەوت بەو شێوازە دادەبەزێت.

دابەزینی نرخی نەوت بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی سووتەمەنی و بەنزین لە ئەمریکا بە رێژەی 5٪.

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆواندا رایگەیاند، ” نرخەکانی نەوت داتەپیون لەبەر نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە کە سوورن لەسەر ئەوەی رووبەڕووی هەڵاوسان ببنەوە.”

ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بەوەش دەدات کە بانکە ناوەندییەکان نیازی خۆیان راگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی تاوەکو ئەو کاتەی کە هەڵاوسان کۆنترۆن دەکەن و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە.