یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان روونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت بڵاوکردەوە رایانگەیاند، پێشنیازە یاساکە پێچەوانەی نەریت و واقعی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە.
لە روونکردنەوەکەی یەکێتی زانیاندا هاتووە، “دوای گەنگەشەکردنی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، لێکەوتە و دەنگدانەوەی خراپی لێکەوتەوە، ئێمە لە یەکێتی زانایان لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و ئەرکی پیشەیی خۆمان چاومان بە پرۆژە یاساکە کەوتووە”.
لە بڕگەیەکی ماددەی دووەمی پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت هاتووە، “بەزۆر سەرجێییکردن لەگەڵ هاوسەردا” بە تاوانی توندوتیژی خێزانی و دژبە ئافرەت دابنرێت و، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری خستووەتە نێو پەرلەمانەوە.
بە گوێرەی روونکردنەوەکە، یەکێتی زانایان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، کە “ئەم پێشنیازە یاسایە لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت و واقعی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتیە و، ئەگەری لێکەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەروەها داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن، “پرۆژەی نەگونجاو بە کولتوور و واقعی میللەتەکەمان نەخاتە بەرنامەی کار و هەوڵی بە یاسا کردنی نەدات، چونکە دەرکردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە نەک زیاتر کردنی ئاریشە”.