پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکی ئەفغانستان ڕوویداو و کوژراو بریندار هەیە

وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌فغانستان ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌م هه‌ینییه‌ش ته‌قینه‌وه‌ له‌ مزگه‌وتێكی شاری كابوولی پایته‌ختی ئه‌فغانستان ڕوویداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ كوژراو و بریندار هه‌یه‌.

بیسمیلا حه‌بیب گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌فغانستان ڕایگه‌یاند: نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ كاتی نوێژی به‌ كۆمه‌ڵدا ته‌قینه‌وه‌ له‌ مزگه‌وتی (وه‌زیر ئه‌كبه‌ر خان) له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كابوولی پایته‌خت ڕوویداوه‌.

سه‌رچاوه‌ پزیشكییه‌كانی ئه‌فغانستان سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانییه‌كان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ری ده‌خه‌ن به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ 3 كه‌س گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و 28ی تریش بریندار بوون.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌ زۆربه‌ی ڕۆژه‌كانی هه‌ینیدا و له‌كاتی نوێژی به‌ كۆمه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ له‌ مزگه‌وته‌كانی ئه‌فغانستان ڕوو ده‌دات و ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیش به‌رپرسیاره‌تی سه‌رجه‌م ته‌قینه‌وه‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ مزگه‌وتی وه‌زیر ئه‌كبه‌ر خان ڕوویداوه‌، ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی سه‌وز له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كابوولی پایته‌خت كه‌ پێشتر و به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان زۆرێك له‌ باڵیۆزخانه‌ بیانییه‌كان و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی لێ بوو، به‌ڵام ئێستا تاڵیبان ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موویاندا گرتووه‌.