بەهۆی ترس لە سستبوونەوەی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی نەوت دابەزی. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 23-9-2022 هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 90 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی زێڕیش دابەزیوە.
ئەمڕۆ هەینی، یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 53 سەنت دابەزی و بە 89 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 44 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و 5 سەنت دەفرۆشرێت.
دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ـی دیکە بەرزکردەوە، هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا دابەزین بۆ کەمترین ئاستی خۆیان لە دوو هەفتەی رابردوودا.
نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لە دوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بازرگانانی نەوتی نیگەرانکرد لەسەر ئەوەی لە ماوەیەکی درێژخایەندا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەم بکات.
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕەکان لە کۆمپانیای OANDA ئاماژە بەوە دەکات، نرخی نەوت بەشێوەیەکی ناجێگیر دەمێنێتەوە و ئەمەش بەهۆی ئەوەی بازرگانانی نەوت ترسیان لە کەمبوونەوەی خواست و سستبوونەوەی ئابووری هەیە، بەڵام پێشبینی دەکات نرخەکان بۆ ماوەیەکی دیکەش هەر لە سەرووی 80 دۆلارەوە جێگیربن.
یەک ئۆنسە زێڕ بە 1669 دۆلارە
دوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و ئێستا هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1669 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. نرخی زێڕیش بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بە 1677 دۆلارە.
بەر لەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە سوودی بانکی بە رێژەی 0.75% بەرزبکاتەوە، نرخی زێڕ بەهۆی لێدوانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەرزبووەوە کە هەڕەشەی ناردنی هێزی زیاتری بۆ ئۆکراینا کرد. دوای لێدوانەکانی پووتین نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1677 دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەکە درێژەی نەکێشا و بەهۆی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دووبارە دابەزییەوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی 2007 بە دواوە و نزیکبووەوە لە 4٪.
بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە و هەروەها بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵاو کانزاکان.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 600 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.982 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.124 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.34 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 720 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.28 روبڵی رووسی