حازم گۆران: مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان کەم کراوەتەوە

 بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، دوای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان کەم کراوەتەوە و دەشڵێ، ھەر کەسەو بەگوێرەی یاسا مووچەی بۆ دیاری دەکرێت.

حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین راگەیاند: چاکسازی لە مووچەی پلە باڵاکان ھەمووی تەواوبووە، ئەوەی پەیوەندی بە خانەنشینی ھەیە ھەمووی یەکلاکراوەتەوە، پێشتر ئەگەر پەرلەمانتارێک ٨٠%ی مووچەی وەردەگرت ئێستا تەنیا ٥٠%ی پێدەدرێت، ھەیە لەو رێژەیەش کەمتر وەردەگرێت، پلە باڵاکانی پێشتر مووچەی ٨٠%ی وەر دەگرت ئێستا ٦٠%ی ماوەتەوە بگرە کەمتریش ئەمانە ھەمووی تەواو بووە تەنیا کەمێکی ماوە ئەوانەی خزمەتیان نەبووە ئەوانیش پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین گوتیشی: “ناو لانەدراون لە لیستی خانەنشین، چونکە زۆربەیان دۆسیەیان ھەبووە و خزمەتیان ھەیە، بەڵام ئەوکات داوا نەدەکرا چەند خزمەتیان ھەیە تەنیا بە فەرمانێک خانەنشین دەکران”.

حازم گۆران ڕوونیکردەوە: “ئەوانەی خانەنشینی ئاسایی و سەربازیش بە ھەمان شێوە پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیان دەکرێت، ئەوانەی خزمەتیان لە شوێنێک ھەبووە دەتوانن خزمەتەکەیان بگوازنەوە بۆسەر خانەنشینی، چونکە بەگوێرەی ساڵی خزمەت خانەنشینی بۆ فەرمانبەران ھەژمار دەکرێت و بەپێی یاسا رێژەی مووچەی خانەنشینان دیاری دەکرێت”.

ھەواڵی زیاتر