لوقمان حەوێز توێژەرێكی كوردە و دانیشتوونی ویلایەتی تەكساسی ئەمریكایە، لە تازەترین توێژینەوەیدا كە بەناوی ئۆتۆمبێلە خودكارەكان و شۆڕشێكی تەكنەلۆژی بڵاوكردۆتەوە باسی لەوە كردووە كە توێژینەوەكەی لەوانەیە لەلای خوێنەر وەكو فانتازیایەكی زانستی بێت، بەڵام ئەوپەڕی تا دە بۆ بیست ساڵی تر ڕوودەدات، ڕوونكردنەوەكانی تری ناو نوسینەكەم هەمووی زانستین و بۆ ئەوەیە بزانن لە داهاتوێكی نزیك ئۆتۆمبێلەكان و هۆكارەكانی گواستنەوە چۆن دەبن و چەندە جیاواز دەبن…
ئەو توێژەرە كوردە نوسیویەتی كە سەرەتای هاوینی ساڵی 2034.شوێن: شاری سان فرانسیسكۆ كالیفۆرنیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.. زۆربەی هەرە زۆری ئۆتۆمبیلەكان خودكارن و بەبێ دەستكاری مرۆڤ كەسەكان و كەل و پەلەكان دەگوازنەوە، لەسەر ڕێگاكانیش ئاخاوتن و دەمەتەقێ لەگەڵ یەكتر دەكەن، یارمەتی یەكتریش دەدەن لە ڕێگاوبانەكان، لەكاتی جوڵانەوەشیان قسە لەگەڵ سەرنشینەكانیشیان دەكەن و هەوڵ دەدەن چەندەی بكرێت خۆشی بخەنە نێو دڵیان…لە ماوەی 10 بۆ ئەو پەڕی 20 ساڵی تر زۆربەی ئۆتۆمبێلەكان و هۆكاركانی گواستنەوە خودكار دەبن، بەشێوەیەكی سەرەكی بریتین لە زیرەكی دەستكرد، GPS، ئامێرە ئەلیكترۆنیە پێشكەوتووەكان وەك: كامیرای دیجیتاڵی ڕیزۆڵیۆشنی بەرز كە لەڕووناكی ئاسایی و نزم كار دەكەن، نێرەر و وەرگری نیشانەكان و هەستەوەرەكان، هەروەها تۆڕی بێتەلی نەوەی پێنجەم 5G بۆ گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری بەشێوەیەكی زۆر خێرا…
لە بەشێكی دیكەی توێژینەكەیدا (لوقمان حەوێز ) نووسیویەتی : داهێنان و خستنەكاری تۆڕە بێتەلەكانی نەوەی پێنجەم 5G بۆ گواستنەوەی زانیاری، تەكنەلۆژیای ئۆتۆمبێلە خودكارەكان دەخاتە بواری جێبەجێكردن پێ بەپێ، گوستنەوەی زانیاری لەنێو تۆڕەكانی نەوەی پێنجەم 5G بۆ 100 ئەوەندە خێراترە بە بەراورد بەگواستنەوەی زانیاری لەڕێگەی تۆڕەكانی 4G، ئۆتۆمبێلی خودكار یان بێ شوفێر كۆمەڵێكی زۆر لە كامێرا و هەستەوەری بە هەرچواردەوریدا دەبێت كە بەردەوامی زانیاری وەردەگرن و دەنێرن بۆ بنكەكانیان و لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكانی تر و هەستەوەرەكانی سەر شەقامەكان ئەو زانیاریانە ئاڵوگۆڕ و تاوتوێ دەكەن، ئەمەش پێویستی بە چەپكێكی زۆر فراوان و خێرایە لە ناردن و وەرگرتنی زانیاری، تۆڕە بێتەلەكانی نەوەی پێنجەم 5G دەتوانن ئەمە دابین بكەن بۆ خستنەكاری ئۆتۆمبیلە خودكارەكان…