دوای دوو ساڵ پاڵەوانیەتیی گۆڕەپان و مەیدانی یانەکانی کوردستان لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت

هیچ یانەیەکی هەولێر بەشداریی پاڵەوانیەتییەکە ناکات، یاریزانانی گۆڕەپان و مەیدانیش گلەیی زۆرییان هەیە

فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان دوای دوو ساڵ یەکەم پاڵەوانیەتی یانەکانی کوردستانی لەسەر ئاستی کوڕان و کچان ئەنجام دەدات، زیاتر لە ١٢ یانەی جیاواز بەشداری پاڵەوانیەتیەکەدەکەن، کە یارییەکانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە یاریگەی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و ممم بەڕێوە دەچێت، دەربارەی پاڵەوانیەتیەکە و کێشەو گرفتەکانیان سەرۆکی فیدراسیۆنی گرفتەکانی گۆڕەپان و مەیدان قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد.

دوای دوو ساڵ یەکەم پاڵەوانیەتی ئەنجام دەدرێت

دەربارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە و کێشەو گرفتەکانی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، ڕزگار مەجید سەرۆکی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان کە ماوەی مانگێکە بۆتە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بە لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان ئێمەش هاوشێوەی فیدراسیۆنەکانی تر نەماتوانیوە لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا هیچ پاڵەوانیەتیەک بکەینەوە، بڕیار وایە لە ڕۆژانی ٢٣، ٢٤ ی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەشاری سلێمانی، لەسەر یاریگەی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی پاڵەوانیەتی یانەکانی کوردستان بۆ ئاستی پێشکەوتوان کوڕان و کچان ئەنجام بدرێت، ڕۆژی یەکەم بریتی دەبێت لە کۆبونەوەی هونەری و یارییەکانی پاڵاوتن، ڕۆژی دووەمیش یارییەکانی کۆتایی و مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان، زیاتر لە ٣٠ ناوبژیوان بەشدار دەبن، سەرجەم خەرجی یانەکانیش لە ئەستۆی خۆیانە، هۆکاری بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکەیش لەشاری سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی یانەکانی بەشدار بوو، لە دەڤەری سلێمانین.

هیچ یانەیەک لە هەولێر بەشداری ناکات

لەو پاڵەوانیەتیەدا هیچ یانەیەکی شاری هەولێر بەشداری ناکات و یاریزانانی ئەو شارەیش گلەی زۆریان لە یانەکان هەیە، لەو بارەیەوە سەرۆکی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدان گووتی: هۆکارەکەی یانەکان خۆیانن، ئێمە زیاتر لە مانگێکە ڕامانگەیاندووە کە پاڵەوانیەتی دەکەینەوە، بە کتابی فەرمی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان و یەکیەتی گۆڕەپان و مەیدانی لقی هەر چوار شارەکەمان ئاگادار کردۆتەوە، تانانەت کتابمان بۆ بەشێک لە یانەکانیش ناردووە، بەڵام هیچ یانەیەکی سنوری هەولێر ئامادە نەبوو بەشداری لەو پاڵەوانیەتیە بکات.

کێشە و گرفتەکانی گۆڕەپان و مەیدان چین؟

دەربارەی کێشەو گرفتەکانی بەردەم یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان کە بەبوکی یارییەکان ناسراوە، سەرۆکی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان گووتی: یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان یەکێکن لە یارییە تاکیەکان هاوشێوەی و پایسکیلسواری بادمنتۆن و یارییەکانی تر، ئەگەر بێت و گرنگی پێبدرێت دەتوانین لەسەر ئاستی عەرەب و ئاسیایش پلەی زۆر باش بەدەستبهێنین، لە ڕابردوویشدا ئەوە سەلمێدراوە، ئەگەر سەیری هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێڕاق بکەین چەندین ساڵە بەشێکی زۆری یاریزانان لەهەموو ئاستەکان یاریزانی کوردن و ساڵانە ئەنجامی زۆر باشیان هەیە و بەشدرای پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەیش دەکەن، لەگرنگی تۆپی پێ کەمناکەینەوە، بەڵام یارییە تاکیەکانیش گرنگی خۆیان هەیە، بەداخەوە لە کوردستان بودجەی یانەکان هەمووی بۆ تۆپی پێیە، کەس ئاوڕێک لە یارییە تاکیەکان ناداتەوە.

بۆ بەپێویشتی دەزانم لەڕێگەی ڕۆژنامەی هەولێرەوە وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان،پەیامێکم هەیە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارگێڕی یانەکان دەکەم کە چیتر یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان فەرامۆش نەکەن و ئاوڕێکی جدی لەو یارییە بدەنەوە، بە هەماهەنگی هەموو لایەک دەتوانین یاریزانی زۆر باش دروست بکەین و بەشداری پاڵەوانیەتیەکانیش بکەین.

پلانی داهاتوویان چیە؟

لەدواین پەیڤیدا سەرۆکی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان گووتی: دوای تەواو بوونی ئەو پاڵەوانیەتیەیش لەکاروچالاکی ناوەستین و پلان وبەرنامەی ئەوەمان هەیە، کە پاڵەوانیەتی ئاستی لاوان بۆ یانەکان لە مانگی تشرینی یەکەم ئەنجام بدەین، بەمەرجێک بودجەی پێویست لەبەر دەست بێت و لیژنەی ئۆڵۆمپی هاوکاریمان بکات، هەروەها پلانی ئەوەمان هەیە کە چەند خولێکی ئاستی ناوبژیوانی یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانیش بکەینەوە، دەربارەی ئەوەی کە بۆ هەوڵیان نەداوە لەڕێگەی سپۆنسەر پاڵەوانیەتی ئەنجام بدەن، ڕزگار مەجید گووتی: بەداخەوە کۆمپانیاکان لەگرنگی وەرزش تێناگە، لەگەڵ کۆمپانیایەک قسەمان کرد ببێت بە سپۆنسەر گووتی: من ٥٠٠ سیم کارتان پێدەدەم، کە ئەوە لەگەڵ کارەکەی ئێمە ناگونجێت.

ھەواڵی زیاتر