پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تیروپشكی خولی نایابی كوردستان راكێشرا و نه‌ورۆزیش خوله‌كه‌ی جێهێشت

ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له‌ هۆتێل شیڕاتۆنی شاری هه‌ولێر، كاتژمێر (4)ـی ئێواره‌، تیروپشكی خولی نایابی كوردستان راكێشرا، كه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بڕیاریداوه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو به‌ڕێوه‌ببات، له‌ خوله‌كه‌ 15 یانه‌ به‌شدارن و یانه‌ی نه‌ورۆزی كشایه‌وه‌.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، پێشتر له‌سه‌ره‌تای مانگی ئاب و رۆژ و ساتی به‌ڕێوه‌چوونی خولی نایابی كوردستانی بۆ یانه‌كان ئاشكرا كرد، رۆژێكیش به‌ر له‌ ئێسته‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌شێوازێكی سه‌رده‌میانه‌ و به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی، له‌ هۆتێل شیڕاتۆن تیروپشكی بۆ یانه‌ به‌شداربووه‌كان راكێشا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ره‌نج و نیگه‌رانی بوو لای فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، كشانه‌وه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز بوو له‌ خوله‌كه‌، به‌مه‌ش كاریگه‌ری خسته‌سه‌ر تیروپشكه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر پاڵه‌وانبوونی خوله‌كه‌ش ده‌بێت، چونكه‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك یانه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانه‌.

یانه‌ی نه‌ورۆ كه‌ به‌شداری له‌ خولی نایابی عێراقی ده‌كات، به‌ هۆی نه‌بوونی پاره‌وه‌، بڕیاری كشانه‌وه‌ی له‌ خولی نایابی كوردسان دا، ئه‌مه‌ش لای یاریزانه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوبوو، چونكه‌ پێشووتر یانه‌ی نه‌ورۆز یه‌كێك له‌ یانه‌ ركابه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی خولی نایابی كوردستان بووه‌ و جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌بووه‌، به‌مه‌ش هه‌وادارانی به‌شێكی جوانی خولی نایابی كوردستانیان له‌ده‌ستدا.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، پێویسته‌ له‌ قۆناغی داهاتوو دابه‌زینی یانه‌ی نه‌ورۆز بۆ خولی پله‌یه‌كی كوردستان راگه‌ینێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ساڵانی رابردوو تووشی كێشه‌ نه‌بن، دواتر بۆ هێنانه‌وه‌ ومانه‌وه‌ی ئه‌و یانه‌ی كشاوه‌ته‌وه‌ فشاریان لێبكرێت و كاریگه‌ری خراپیان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانه‌وه‌ بۆ دروستبكات.

گه‌ڕی یه‌كه‌م

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ریـی 2022، یه‌كه‌م گه‌ڕی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ یانه‌كان ده‌مێكه‌ ئاماده‌كاری بۆ خولی نایابی كوردستان ده‌كه‌ن، یانه‌ی چوارقوڕنه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداری له‌ خولی نایابی كوردستان ده‌كات، گه‌ڕی یه‌كه‌م به‌مشێوه‌یه‌.

چه‌مچه‌ماڵ – شه‌قڵاوه‌

دهۆك – شێروانه‌

ئارارات – چوارقوڕنه‌

هه‌ندرێن – سۆران

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر – ئاكری

ده‌ربه‌ندیخان – برایه‌تی

سه‌ید سادق – زاخۆ

سیروانی نوێ چاوه‌ڕوانه‌

یانه‌ی هه‌ولێر دوای شازده‌ ساڵ، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ خولی نایابی كوردستان به‌شداری ناكات، كه‌ تاكه‌ یانه‌شه‌ زۆرترین جار ئه‌م نازناوه‌ی بردبێته‌وه‌، بۆ سێ جار، دابڕانه‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌وه‌ هات، كه‌ وه‌رزی رابردوو، بۆ خولی پله‌یه‌كی كوردستان دابه‌زی، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی نه‌یتوانی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ خولی نایابی كوردستان مسۆگه‌ر بكات، هاوشانی یانه‌ی هه‌ڵۆ، كه‌ وه‌رزی رابردوو دوای شه‌ش گه‌ڕ به‌هۆی قه‌یرانی دارایه بڕیاری كشانه‌وه‌ی ه‌ خولی نایابی كوردستان دا، به‌مه‌ش له‌ لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانه‌وه‌ سزادرا و بۆ ریزی یانه‌ پله‌یه‌كه‌كان دابه‌زێنرا.

وه‌رزی رابردوو یانه‌ی سیروانی نوێ، به‌ راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی، توانی بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی خۆی و مێژووی خولی نایابی كوردستان و شاری سلێمانی نازناوه‌كه‌ بباته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانی ئه‌و یانه‌یه‌ تا ئێسته‌ خه‌ڵاتی داریی له‌ لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانه‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، كه‌ نازانرێت، كه‌ی وه‌ریشده‌گرێت، یانه‌ی هه‌ندرێنیش پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ست هێنا و یانه‌ی سه‌یدسادقیش پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ست هێنا.

یانه‌كانی چوارقوڕنه‌ وئاكرێ، وه‌رزی رابردوو وه‌ك دوو یانه‌ له‌ دوو گرووپی جیاواز بوونه‌ پاڵه‌وانی خولی پله‌ یه‌كه‌كان و خۆیان گه‌یانده‌ خولی نایابی كوردستان، كه‌ یانه‌ی چوارقوڕنه‌ یه‌كه‌م جاریه‌تی له‌ مێژووی دامه‌زراندنی به‌شداری له‌ خولی نایابی كوردستان بكات، خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی زۆری وه‌رزشییه‌ و هه‌وادارێكی زۆری له‌ خۆی كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی سزادانیه‌وه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ناتوانێت له‌ یاریگه‌ی خۆی یاریی بكات.

 له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2005 – 006ـه‌وه‌، خولی نایابی كوردستان له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ساڵانه‌ ئه‌نجامدراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ره‌می شه‌ڕی داعشیش هه‌ر به‌رده‌وامبوو، كه‌ كوردستان له‌وپه‌ڕی خراپی بارودۆخی دارایی دابوو، ساڵانه‌ هه‌وادارێكی زۆر له‌ یاریگه‌كانی كوردستان له‌ ده‌وه‌ری خوله‌كانی تۆپی پێی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێتسه‌ كوردستان هه‌ڵبژارده‌یه‌كی جێگیری نییه‌ تا به‌شدار له‌ خوله‌كانی ده‌ره‌وه‌ بكات، ته‌نها به‌دشاری له‌ جامی ڤیڤا كردووه‌، له‌ ساڵی 2012ـه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار له‌شاری هه‌ولێر ئه‌م نازناوه‌ی برده‌وه‌.