چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەشەئاردی چوارەم بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی ئاشكرای كرد، گەنم دراوەتە ئاشەكان و بەشەئاردی چوارەم دابەش دەكرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: دەست كراوە بە پێدانی گەنم بە ئاشەكان بۆ بەشەئاردی چوارەمی تایبەت بە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان و دەست دەكرێت بە پێدانی ئارد بە بریكارەكان تاوەكوو بدرێتە هاووڵاتییان.

ساڵانە ئەگەر 10 مانگ ئارد دابەش بكرێت، بەگشتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشەخۆراكی مانگانە پێویستی بە نزیكەی 650 هەزار تۆن ئارد دەبێ.

لە سەرێكی ترەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی بەشە ئاردی شەشەم لە پارێزگاكانی عێراق دەكرێت.

سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی بەشەگەنمی پێویست لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كورستان دابین بكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان گوتی: “لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو چەند بەشەئاردی نەدراوە، ئەویش بدرێت، ئەو بابەتەش پەیوەندیی بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە هەیە، چونكە ئەوان گەنم بۆ ئاشەكان دابین دەكەن”.

لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا، مزەفەر سابیر، بەرێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر ڕایانگەیاند بوو ،ھەموو ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر ئاگادار دەکەینەوە، دڵنیا بن لەوەی ئەو بەشەئاردەی بایەعی کە وەریدەگرن 100% گەنمە و بێغەشە و باشترین و بەتامترین نانی لێ دەردەچێت و وەری بگرن و تاقیی بکەنەوە”.

ئەو بەرپرسەی چاودێریی بازرگانی جەختی كردەوە، ئەوان لە چاودێریکردنی ئاشەكان بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی باشترین ئارد بگاتە دەستی هاووڵاتییان.