وەزیرى وزە و سامانە کانزاییەکانى ئوردن رایگەیاند: هەناردەى نەوتى کەرکووک بۆ وڵاتەکەى دەستیپێکردووەتەوە کە بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت لەو رێگەیەوە وەربگرێت.
رۆژی 19ى ئەیلوولى 2022، ساڵح خەرابشە، وەزیرى وزە و سامانە کانزاییەکانى ئوردن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، کە پرۆسەى هەناردەکردنى نەوت لە کەرکووکەوە بۆ وڵاتەکەى دەستیپێکردووەتەوە لەپاش ئەوەى لایەنى عێراقى رێوشوێنە لۆجستییەکانى تایبەت بەو پرسەى تەواو کردووە.
هەناردەنى نەوتى عێراق بۆ ئوردن لەڕێگەى کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکەوەیە، نەوتەکە لەڕێگەى تەنکەرەوە دەگوازرێتەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە پرۆسەى بارکردنى نەوتى هەناردەکراو بۆ ئوردن لە کۆگاى نوێى کەرکووکەوە بووە، لەبرى وێستگەى بێجى کە لە مانگى ئابى رابردوودا لەکار وەستاوە.
رۆژی 28ى ئەیلوولى 2021 عێراق و ئوردن رێککەوتنێکى لێکتێگەیشتنیان واژو کرد بۆ ئەوەى تاوەکو 31ى کانونى یەکەمى 2022، عێراق رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى ئوردن بکات، کە هەر بەرمیلێک نەوت لە 16 دۆلار کەمتر لە نرخى رۆژ بە ئوردن دەفرۆشرێت.
تاوەکو کۆتایی مانگى تەممووز عێراق دوو ملیۆن و 252 هەزار بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکەوە هەناردەى ئوردن کردبوو، تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى 2022 پێویستە یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلى دیکەى نەوت هەناردەى ئوردن بکرێت.