ئافرەت و ئەزموونی سەرکردایەتیکردنی دادپەروەرانە

چرۆ محەمەد عومەر

بەپێی زۆر ئەزموون دەرکەوتووە، ئافرەتان توانایەکی باشیان لە سەرکردایەتیکردندا هەیە و هەبووە، بەشداریی ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی ماڵەوە کە بەشی زۆری سەرکردایەتیی پەروەردەکردنی لەسەر ئافرەتە بۆ سەرکردایەتیی قوتابخانەکان و فەرمانگە و وەزارەتەکان و سەرۆکوەزیران و سەرکۆمار، ئافرەتان لە هەموو ئەوانەدا ئەزموونی باشیان پێشکەش کردووە، زیاتر لە ئەزموونی پیاوان دادپەروەرانە بوون و ڕوونتر کاروبارەکانیان بەڕێوە بردووە.
ئافرەتانی کورد لە هەموو شۆڕشەکاندا بەشداری کارا بوون، ڕۆڵی دیاریان هەبووە، لە ئەزموونی دوای ڕاپەڕینیشدا لەسەر هەموو ئاستەکان خۆیان سەلماندووە و توانیویانە هێزی ئافرەت پیشانی هەموو ئەو کەسانە بدەن کەوا گومانیان لە توانای ئافرەت و ئاستی ئامادەیی کارای ئافرەتان لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردندا هەبوو، ئەوەش دەرفەتی زیاتری ڕەخساند بۆ ئەوەی لەلایەک ئافرەتانی دیکەش چاویان لێ بکەن و هەوڵی هاتنە پێشەوە بدەن، لەلایەکی دیکەشەوە حزبەکانی هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە تواناکانی ئافرەتان بدەن، بەو هۆکارانەش ئێستا ئاستی بەشداریی ئافرەت لە سەرکردایەتیکردندا زیادی کردووە.
لەسەر ئاستی جیهانش بە هەمان شێوە سەرکردایەتیکردنی ئافرەتان زیاتر بووە، لەگەڵ ئەوەی هێشتا بەو ئاستە نییە کە دادپەروەریی تەواوەتی تێدا بێت و لە زۆر وڵات دەرفەتەکان یەکسان نین، بەڵام هەنگاوەکان ئاراستەی خۆیان وەرگرتووە و سەرکردایەتیکردنی ئافرەتان لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە و ناگەڕێتەوە بۆ دواوە.
سیمای دیاری سەکردایەتیکردنی ئافرەتان زیاتر دادپەروەرانەیە، لەبەرئەوەی خۆی چالاکانە کاری بۆ یەکسانی کردووە، بۆیە زیاتر یەکسانی و دەرفەتی یەکسان لەبەردەم خەڵکدا دەڕەخسینی و هەوڵی لابردنی بەربەستەکان دەدات، هەروەها ئافرەت هەستی جیاوازتری بۆ گرنگیدان بە کەرتی پەروردە و خێزان و تەندروستی هەیە کە ئەوانەش بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە زۆر گرنگن و دەبنە بنەمای پتەو بۆ داهاتوویەکی ڕووناکتر.
هەروەها ئافرەت بەردەوام هەوڵی ڕێگریکردن یان زۆر کەمکردنەوەی توندوتیژی دەدات، لەبەرئەوەی ژن بۆ خۆت تووندوتیژی بەرانبەر کراوە و چەوسێنراوەتەوە، بۆیە کاتێک سەرکردایەتیکردن ئەزموون دەکات وەکو دەرفەتێک بەکاری دەهێنێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەرەو ئارامی و سەقامگیریی زیاتر ببات و یەک لەو ڕێگەیانەش بۆ دروستکردنی ئەو کۆمەڵگە سەقامگیرە سەروەرکردنی یاسا و ڕێگرتنە لەو تووندوتیژی.
ئەو ئەزموون و یاداشت و دەرئەنجامانەی سەرکردایەتیکردنی ئافرەتان کەوا هەیە، دەرخەری ئەوەیە ئافرەت سەرکردایەتییەکی دادپەروەرانەتر دەکات، بۆیە بوونی ئافرەت لە پێگەی گرنگ و لووتکەدا دەستەبەری سەقامگیری و دادپەروەری دەکات.

ھەواڵی زیاتر