بوونی پێشەنگ لە ژیانماندا

عومەر چنگیانی

پێشەنگ: ئەو کەسەیە کە دەبێتە نموونەی باڵا تا چاوی لێبکرێت لە هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتاری، کە پێویستە ئەو کەسە قسەکانی لەگەڵ کردەوەکانی یەکتر بگرێتەوە، تەنانەت ڕابەر و پیشەنگ دەبێت لە ئاستێکی زۆر باڵا ڕەفتار بکات وهەردەم ڕابەر ئەوانەن کە خەسڵەتی خێر و بەرەکەت لە ژیانیان ڕەنگ دەداتەوە وکاریگەری زۆریان لەسەر شوێنکەوتەکانیان دەبێت هەربۆیە دەبینین، لە هەڵسەنگاندن و پێدا گوتنی شایان و نرخاندنی قورئان بۆ پێشەوامان محەممەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – لە بیست و یەکهەمین ئایەتی سورتی (ئەلئەحزاب)دا دەفەرمێت: (بەڕاستی پێشەنگ و مامۆستایەتی و پێشەوایەتی لە پەیامگەیێنەکەی الله دا هەیە بۆ ئەوکەسانەی کە بڕوایان بە ڕازی بوونی خوا و دابین بوونی باشی ڕۆژی سەڵا هەیە و هەمیشە و بەزۆری خوایان لە یادە).
بەڵێ… لەکاتێکدا کە باس لە پێشەنگی باش دەکەین دەبێ لەوەیش ئاگاداربین کە دەکرێ بەناو ڕابەری خراپەیش هەبێت و زۆر بەداخەوە وەك دەبینین ئێستا گەنجەکانی ئێمە جارجار دوای ڕابەرێك دەکەون کە تایبەتمەندی پێشەنگ بوون لە خۆ ناگرێ وەکو ئەوانەی پێیان دەگوترێ مۆدێل، یان هەڵسوکەوتێك کە نە خێری دنیا و نە خێری قیامەتی تێدایە، وەکچۆن دەبێ ئەوەیشمان لەیاد بێت کە مەرج نیە ئەوانەی ڕابەربن لە زانایانی ئایینی بن، هەرچەندە دەکرێت ئەوانەیان کە مەنهەجێکی ڕاست و ڕەوانیان پێیە بکرێنە پیشەنگ و مامۆستا و چاوساغ و دەکرێ ببنە پێشەنگ بۆ فێرخوازەکان و دەکرێ باوك ببێتە پێشەنگ بۆ ڕۆڵەکانی سەرۆك ببێتە پێشەنگ و ڕابەر بۆ خەڵکی کۆمەڵگا و بۆیە لەسەر ئیماندار پێویستە دانا و ژیر بێت لە دیاری کردنی پێشەنگ و چاوساغ لە کۆمەڵگا.
ڕابەری سەرڕاست و تایبەتمەندیەکانی : دەکرێ ڕابەر، یان پێشەنگ، بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەش بکەین، ڕابەری چاوساغ، یان ڕابەری خراپ و لارولەوێر، خوای گەورەش بڕیاری داوە کە هەموومان بە دوای ڕابەریەتی پێغەمبەران و پیاوچاکان بچین لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە بە دوای ڕێچکەی شەیتان نەکەوین و نەیانکەین بە ڕابەر .
تایبەتمەندی ڕابەری ئەرێنی و چاك:
1 / پێویستە ڕاستگۆ و ڕاستەڕێ بێت لە بنەماکانی ئایینەکەی .
2 / قسە و کرداری یەك بن.
3 / لەسەر ڕێچکەی ڕاست بێت لە دین و دنیا.
کاریگەری ڕێبەر لەسەر شوێنکەوتەکانی : زۆرێکمان خەمی ئەوەمان لەبەرە ڕۆڵەکانمان چۆن وا لێبکەین کە ببن بە پارێزگاری دین و ژین و وڵات و سەربەرز بین پێیان، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەموومان ببین بە پیشەنگ بۆیان لە کردار و گفتار.
باشە ئەگەر باوك خۆی لاڕێ بێت و هەڵسوکەوتی نەشیاو بێت و یان خوانەخواستە قسە و گفتاری یەك نەبێت، چۆن خوازیاری ئەوەیە ڕۆڵەکانی ڕاستەڕێ و چاوساغ بن؟ یان ئەگەر مامۆستا خۆی لاڕێ بێت و کەمتەرخەم بێت چۆن قوتابیەکانی ڕاستەڕێ دەردەچن؟ یان ئەگەر سەرۆك خۆی دادپەروەر نەبێت چۆن خەڵکی لە کۆمەڵگا دادپەروەر دەبن؟ چونکە مرۆڤەکان سەرسام دەبن بە کردار بەر لە قسە و گوفتار کە هەر لەو سۆنگەوە پێغەمبەری خوا – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – ڕابەرایەتی هاوەڵانی دەکرد بە کردارەکانی بەر لە گوفتار و قسەکانی، خوای گەورە هانمان دەدات چاوی لێبکەینەوە، لە ژیاننامە و کردار و گوفتاری.
بەروبوومی پابەند بوون بە ڕابەری و پیشەنگی ڕاستەڕێ .
١ / هیدایەت وەرگرتن و پابەند بوون بە ڕێچەکی چاك و باش .
٢ / ڕەزامەندی خوای باڵا دەست لە ڕۆژی قیامەت .
٣ / ڕاگرتنی دڵی بەرامبەر و پابەند بوونیان بە ڕێچکە و بۆچوونی تۆ
ئەگەر تەماشای مێژووی مسوڵمانان بکەین زۆر ڕابەر و پیشەنگی نازدارمان هەیە، پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا دەکرێ ئەوان لەیاد بکەین و شوێن ڕابەر و پیشەنگی لارولەوێر بکەوین، بۆ نمونە وەکو صلاح الدینی ئەیوبی کە نمونەیەکی ناوازە بووە لە مێژووی مسوڵمانان.

پەراوێز:
گۆشەی ئیمڕۆمان پوختەی گوتاری پێشنیازکراوی بۆردی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینی بوو کە توێشووی گوتاری زنجیرە ١٦٨ی ئێمەبوو لە سەردوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا لە ٢٠ی سەفەری١٤٤٤بەرانبەر بە ١٦ی ئەیلولی٢٠٢٢.

ھەواڵی زیاتر