سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

قوتابییەكی كورد توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر داهێنانێكی تازە بڵاو دەكاتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی

قوتابییەكی كورد توێژینەوەیەكی زانستی لە گۆڤارێكی نێودەوڵەتی بڵاو دەكاتەوە، كە باس لە چەند تەكنیكێكی زانستی تازە دەكات

ڤینۆس موشیر فارس، قوتابی خوێندنی باڵا/ ماستەر، لە سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانكۆی سۆران، بە هاوكاری و هاوبەشی لەگەڵ هەریەكە لە پ. د. سەمیر مستەفا حەمەد، سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و پ. ی. د. عەزیز عەبدوڵڵا بەرزنجی، توێژینەوەیەكی لە یەكێك لە گۆڤارە كاریگەرە نێودەوڵەتییەكان بڵاو كردەوە، بەناوی (Recente patent on nanotechnology)،
پوختەی كاری داهێنانەكە لە بواری نانۆتەكنەلۆجییە و باس لە دروستكردنی تەنۆلكەی نانۆی زیو دەكات لە بەها جیاوازەكانی pH و بەكارهێنانیان لە هەڵمژینی ووزەی تیشكی خۆر بۆ گەرمكردنی ئاو، بەبێ بەكارهێنانی ووزەی كارەبا یاخود گەرمی. لە بنچینەدا سوود لە تایبەتمەندی تەنۆلكەی زیو وەرگیراوە، كە بە ڕێگای سەوز لە پاڵاوتەی داری (شەنگەبی) دروستكراوە و خاوەنی چەندین تایبەتمەندی كاریگەرە..
سەبارەت بەم داهێنانە تازەیە زانكۆی سۆران پێی وایە بۆ یەكەمین جارە لەسەر ئاستی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قوتابییەكی ماستەر ببێتە خاوەن داهێنانێكی لەم شێوەیە لە بواری نانۆتەكنەلۆجی.
جێ باسە سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانكۆی سۆران، یەكێكە لە سەنتەرە گرنگ و بایەخدارەكانی زانكۆی سۆران، كە بە تاقیگە پێشكەوتووەكانی خزمەتێكی بەرچاوی بە توێژەرانی سەرجەم فاكەڵتییەكانی زانكۆی سۆران كردووە. توێژەرانی بە سوودبینین لە تاقیگەكان پەرە بە تواناكانیان دەدەن و ساڵانە داھێنانی زانستیی بەھادار دەكەن.