داهاتی گەشتیاری لە حەوت مانگدا ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە

دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ٤ ملیۆن گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و لەو ژمارەیە رێژەی ٨٥٪یان گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.

ھەر بەپێی ئامارەکە کە بۆ ھەولێر نێردراوە، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ھەزار و ١٠٠ بنکە و شوێنی گەشتیاری ھەن و ھاتنی ئەو ژمارە گەشتیارە بووەتە ھۆی دەستخستنی داھات بۆ حکوومەت و شوێنە گەشتیارییەکان.
دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد:” لە ١-١-٢٠٢٢ تاوەکو رۆژی ١ـی ئابی ٢٠٢٢ واتە لە ماوەی حەوت مانگدا سێ ملیۆن و ٧٧٩ ھەزار و ٦٥٦ گەشتیار بە مەبەستی گەشتیاری ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستانەوە، لەو ژمارەیە رێژەی ٨٥٪یان ئەو گەشتیارانەن کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و رێژەی ١٥٪یشیان گەشتیاری بیانی بوون کە بەپێی ریزبەندیی گەشتیارانی ئێران و دواتر تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دێت، کاریش بۆ ئەوە دەکرێت، کە پرۆژەی گەشتیاری زیاتر و جۆراوجۆر بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی ھاتنی گەشتیاران زیاتر ببێت.
ھەر گەشتیارێک سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەت گەشتیارانی عێراق لە ماوەی مانەوەیاندا لە ھەرێمی کوردستان بڕی ٣٠٠ دۆلار خەرجدەکەن، بەشێکی ئەو داھاتانەش بەشێوەی باج و رسومات بۆ حکوومەت دەڕوات و بەشی زۆریشی بۆ کەرتی تایبەت و شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت کە لە ھەرێمی کوردستان سێ ھەزار و ١٠٠ بنکە و شوێنی گەشتیارییمان ھەن، بەشێک لە شوێنەکانیش تایبەتن بە گەشتی زستانە و ئەو یاریانەی لەسەر بەفر ئەنجام دەدرێن، بۆیە بەپێی ئەو ژمارانە بێت و لێکدانەوە ئابوورییەکان بێت داھاتی گەشتیاری بەلایەنی کەمەوە لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا بریتییە لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.
رۆژی ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راپۆرتێکی ١٧ خاڵی پێشکێش کرد، بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری و حکوومەتی ھەرێم بڕیاریدا، وەزارەتەکان ھەماھەنگی زیاتر بکەن بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار، لەو چوارچێوەیەشدا دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلانێکی ھەشت ساڵەی ئامادەکردووە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار و زیادکردنی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەو بوارەدا لەنێویاندا دروستکردنی تاوەری گەشتیاری و پارک و تەلەفریک و کردنەوەی شوێنی کلتووری لە شارەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەی وەرزشی و باخچەی ئاژەڵان و ھۆڵی سینەمایی گەورە و ئەنجامدانی ئیڤێنت و کۆنفرانسی جیاواز و تایبەت بە گەشتیاری و کردنەوەی پێشانگای گەشتیاری بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەوانەوە ئەم کەرتە ببووژێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر