پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نرخی نەوت بە شێوەیەکی کەم بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە کاتی داخستنی بازاڕەکان گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و بە رێژەیەکی کەم  بەرزبووەوە. هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1664 دۆلار جێگیر بوو.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ چاککردنەوەی بۆریی نەوتی باشووری عێراق دەگەڕێتەوە کە بۆ ماوەی 16 کاژێر لە هەناردەکردنی نەوت وەستا.

سەرەڕای ئەوەش نرخی نەوت لە ئاستی هەفتانە دابەزیوە لەبەر نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا.

نرخی نەوتی برێنت لە دوایین ساتی بازاڕەکان شەوی رابردوو 51 سەنت بەرزبووە و بە 91 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە رێژەی 2% دابەزین. هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوە و بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە.

هەناردەکردنی نەوتی بەسرە شەوی رابردوو دوای 16 کاژێر دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام وەستانی بۆرییەکە لە رۆژی هەینی هەناردەکردنی زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی بۆ بازاڕەکانی جیهان پەکخست.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1664 دۆلار جێگیر بوو

نرخی زێڕ لە دوایین کاتی داخستنی بازاڕەکاندا گۆڕانکاری کەمی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە ماوەی هەفتەی رابردوو درێژەی بە دابەزینەکانی خۆی دا.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا لە نزیکەی 1664 دۆلار جێگیربوو هەرچەندە نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.3٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1673 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ هەفتەی رابردوو بە رێژەی 2٪ دابەزی و بەو پێیەش گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە یەک مانگی رابردوودا.

بەپێی شرۆڤەکاران دابەزینی نرخی زێڕ بۆ خوارەوەی 1700 دۆلار، دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری کانزای زەرد.

نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان دابەزین بەخۆیانەوە ببینن لەبەرئەوەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزدەکاتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەو بازرگان و هاووڵاتیانەی کە لە وڵاتانی دیکە بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن، بە نرخێکی بەرزتر زێڕ بکڕن و ئەوەش خواست بۆ کڕینی زێڕ کەمدەکاتەوە.