سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

16 خاوەن پاڵاوگەی نایاسایی دهۆک سزادران

خەلیل مەحمود، قایمقامی شارۆچکەی سێمێل، رایگەیاند کە 16 خاوەن پاڵاوگەی کواشێ “بەهۆی پابەندنەبوونیان بە یاساوە” دادگایی کراون و سزای ماددی دراون.

رۆژی 25ـی مانگی ئابی ساڵی 2021 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 50 پاڵاوگەی کواشێی پارێزگای دهۆک بەهۆی ئەوەی کارکردنیان مەترسی خستبووە سەر ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە داخران، هیچ کام لەو پاڵاوگانە مۆڵەتی یاساییان نەبووە.

سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تێدەپەڕێت و تا ئێستا مۆڵەتی کارکردن بەو پاڵاگانە نەدراوە، بەڵام بەشێکیان شەوانە و بە شێوەی نایاسایی کاریان کردووە، هەر بۆیە رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

خەلیل مەحمود، قایمقامی شارۆچکەی سێمێل، بە کوردستان24 دەڵێ: هەر کەسێک پابەندی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران نەبێت، رووبەڕووی یاسا دەکریتەوە، هەر بۆیەش ئێستا 16 خاوەن پاڵاوگە سزا دراون.