حکوومەت بووەتە دایک و باوکی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان

ئاریان ئەحمەد مستەفا وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوە کرد کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان شەش خانەی بێسەرپەرشتان هەیە کە دوو دوو دەکەونە سێ پارێزگاوە؛ هەولێر و سلێمانی و دهۆک؛ بە گشتی نزیکەی (٣٠٠)ـی کوڕ و کچی لەخۆ گرتووە و بە ڕۆژ و شەو خزمەت دەکرێن و ئەم ژمارەیەش بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە. به‌ گوێره‌ی یاسا له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ منداڵی بێسەمیان (بێسەرپەرەشت)ـی هەتا چوار ساڵان وەرناگرن هەرچەندە لە سلێمانی و دهۆک ئەمە کراوەتەوە، لە ٥ بۆ ١٨ ساڵان و بە فەرمانی دادوەر وەردەگیردرێن.

سۆز و خۆشەویستی قسەی یەکەمی نێو خانەکانە:
لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی نێو خانەکان، بە نمونە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی ـ هەولێرمان وەگرت کە خانەی بێسەرپەرشتانی پارێزگاکەی تێدایە و ژینۆ ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەرەکەیەتی. ئەم خانەیە لە دوو بەش پێک هاتووە؛ کچان و كوڕان؛ له‌ به‌شی كچاندا ٢١ کەسی‌ نێوان ٣ بۆ ١٦ ساڵانی تێدایە و ئەم منداڵانە لە ڕووی خواردن و خوێندن و یاری و مانەوە و تەندروستییەوە بەردەوام چاودێری و خزمەت دەکرێن.
ژینۆ ئازاد کە خۆیشی کچە شەهیدە، لەبارەی خزمەتکردنی ئەم منداڵ و مێرمنداڵانەوە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە وەک منداڵ و کەسوکاری خۆی سەیریان دەکات و “کات” لای ئەو پێناسەنەکراوە و هەر دەمێک کە پێویست بێت لە خزمەتیاندایە و لەگەڵیاندایە. لەسەر ئاستی چاودێریی ته‌ندروستی و كوالێتی خواردنه‌كان باسی لەوە کرد کە ئەوان‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تین و لێژنه‌ی تایبه‌تیان‌ به‌ خۆراك و تەندرووستی هەیە و به‌رده‌وام چاودێری دەکرێن.
لە خانەکاندا هه‌فتانه‌ خشته‌ی خواردنه‌كان هەیە کە له‌ لایه‌ن پارێزگا و بە شێوەی‌ ته‌نده‌ر دراوەتە کۆمپانیایەک و هه‌فتانه‌ هه‌موو جۆره‌كانی خواردنی وەک گۆشت و مریشك و بریانی و خواردنی ده‌ره‌وه‌ و میوەیان بە خاوێنی و باشی بۆ ئامادە دەکرێت.
یەکێک لە چێشتلێنەرەکانی خانەکان کە دوو شیفتە واتە بەیانی و نیوەڕۆ لەوێ کار دەکات، باسی لەوە کرد کە ئەوان سوورن لەسەر خاوێنی و بەتامی خواردنەکان، چونکە “ئەمانەی کە لێرەن هەموویان منداڵ و مێرمنداڵن و هەستیارن لەسەر خواردنەکان، بۆیە هەوڵمان داوە بۆن و تام و بەرامی خواردنەکان لە هی نێو ماڵەکانیان بچێت تا هەست بە جۆرێک لە بێزاری و خەمۆکی نەکەن و خواردنەکانیان بخۆن، بۆیەشە ئەگەر منداڵێک یا مێرمنداڵێک سێ جاریش داوای خواردن بکاتەوە ئێمە هەر بۆی تێدەکەین و ئەگەریش یەکێکیان حەزی بە خواردنەکە نەبێت ئەوا دەیبەینە ناندینگەکە و چی حەز لێبێت بە خێرایی بۆی دروست دەکەین”.
له‌ دیدی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ر منداڵێك کە لە خانەکانە بێ دایك و باوكە، ئەمە ئەگەر بۆ پێش چەندین ساڵ ڕاست بووبێت ئەوا بۆ ئێستا پێچەوانەیە، چونکە زۆربه‌ی منداڵەکان به‌هۆی كێشه‌ی خێزانییه‌وه‌ لێره‌ن، زۆربه‌یان دایك و باوكی خۆیان هه‌یه‌‌، به‌ڵام دایك و باوكه‌كان زۆر جار له‌ چاكسازییه‌كانن، تۆمه‌تبارن به‌ مادده‌یه‌كی یاسایی، له‌وێ به‌ گوێره‌ی تاوانه‌کانیان هەردووک یا یەکێکیان سزا دراون‌ و ئەویتریان ئامادە نییه‌ منداڵه‌كان به‌خێو بكات، بۆیه‌ منداڵه‌كانیان بە پێی یاسا دەبرێنە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی. ژینۆ ئازاد لەم بارەوە باسی لەوەی کرد کە “بەداخەوە بە هۆی ئەوەی یەکێک لە دایک و باوکەکان هاوسەرگیرییان کردووەتەوە، ئامادە نین منداڵەکەیان بگرنە خۆیان، بۆیە لە ڕووی سۆز و عەتفەوە كێشه‌یەکی گەورە بۆ منداڵەکان دروست دەبێت. پێشتر ئەم حاڵەتانە دەگمەن بوون، چونکە ئەگەر دایک و باوکەکەش نەبوایە ئەوا مام و کەسوکارەکەی دەیانگرتە خۆی، کەچی ئێستا نەک ئەوان بەڵکو خزمە یەکەمەکانیشی نایگرنە خۆیان و هه‌ر كه‌سەو خه‌ریكی ژیانی خۆیه‌تی، بۆیه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر حكوومه‌ت، به‌ڵام حكوومه‌تیش به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌وری دایك و باوكی بینوه‌، ده‌وری ئه‌و كه‌سوكاره‌ی بۆ ئه‌و منداڵه‌ بینیوه‌ لێره‌، بۆ كێشه‌ی خێزانی منداڵەکان توێژەری کۆمەڵایەتی هەیە کە لەگەڵ ئیدارەی خانەکان جاری وا سه‌ردانی خێزانەکانیانمان كردووه‌ تا بزانین هۆكاری كێشه‌كه‌ی چییه‌ و لەم ڕێگەیەش جاری وا‌ تووشی زۆر مه‌ترسی بووینەتەوە. جاری وا هه‌بووه‌ دایك و باوكه‌كه‌ی دیار نه‌بوونه‌، چووینه‌ ماڵی مامه‌كانی یان خاڵه‌كانی، بۆ ئه‌وه‌ی کێشەکانیان چارەسەر بکەین و ئه‌و منداڵانە‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو خێزانه‌كه‌یان، ڕاسته‌ ئێمه‌ لێره‌ ڕۆڵی دایك و باوك و كه‌سوكار و خێزانی منداڵه‌كان ده‌گێڕین، توێژەر بۆ منداڵه‌كان‌ ده‌گرین، به‌ڵام له‌وانه‌یە ئه‌و ئیحساسه‌یان نەبێت کە وه‌ك بۆ کەسوکاریان هەیانە. ڕاسته‌ زۆر منداڵ له‌ باتی ئه‌و سۆز و عه‌تفه‌ی بۆ دایكی هه‌یه‌، بۆ ئێمه‌ی هەیە، به‌ڵام هه‌ر ناتوانین وه‌ك دایك و باوكیان بین، بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی توانامان هه‌وڵمان داوه بیانگەڕێنینەوە بۆ ناو خێزانه‌كانیان، چونكه‌ هه‌ر چۆنێك بێ لێره‌ کاتین دوایی هه‌ر ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌كه‌یان.

تەندرووستی منداڵەکان گرنگە:
هەر منداڵێک کە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و یاساییەوە دەهێنرێتە خانەکان، سەرەتا پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هیچ جۆرە نەخۆشییەکی کورتمەودا و درێژخایەنی هەیە یان نا بۆ ئەوەی تێکەڵ بە منداڵەکانی دیکە بکرێت و یا شوێنێکی تایبەتی پێ بدرێت، بۆیە حکومەت لە ڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە ئەم پشکنینانەی ناچاری کردووە بۆ هەموو منداڵێک و ئەگەریش لە کاتی مانەوەی ئەو کوڕ و کچانەی نێو خانەکە نەخۆش بکەون، ئەوا چارەسەری خێرایان بۆ دەکرێت. ژینۆ ئازاد له‌ ڕووی ته‌ندروستی منداڵه‌كانەوە باسی لەوە کرد کە ئەوان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ی نه‌دوه‌ی خێرخوازی هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ هه‌ر حاڵه‌تێك هه‌بێ نووسراوێک بۆ منداڵە نەخۆشەکە دەکەن و بە ئۆتۆمبێلی فەرمی خانەکە دەگەیێنرێتە نەخۆشخانەکە و لەوێ‌ پشكنینی بۆ دەکرێت و یا گەر پێویستی بێت‌ پزیشکی پسپۆڕ دەهێنرێتە خانەکە، بەڵام ئە‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ هەر چاره‌سه‌ری نه‌بوو، منداڵه‌كە‌ ده‌نێرنە نه‌خۆشخانه‌ی نازدار بامه‌ڕنی و نه‌خۆشخانه‌ی ڕاپه‌ڕین و نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکانی دیکە.

خانەکان بەردەوام پاک و گەنبڕ دەکرێن:
لەبەر ئەوەی کە خانەکان منداڵ و مێرمنداڵیان تێدایە و بەردەام تیایدا دەمێننەوە و یا گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، بۆیە پێویستە خاوێن ڕابگیردرێن تا تووشی کێشە نەبن، چونکە ئەو منداڵانانە ئەمانەتن لە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆیە سەرپەرشتیاران و دایەنەکان و دادەکان (بە گوتەی خودی منداڵەکان)، خانەکان بە ماڵی یەکەمی سوورن لەسەر خاوێنی شوێنی خواردن و یاری و مانەوەی منداڵەکان. خەلیل میکائیل یاسین بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی چاودێری دهۆک، لەم بارەوە گوتی: ئێمە بەردەوام خزمەتگوزارەکانمان کار دەکەن بۆ ئەوەی لە نێو شەڵتەر و خانەکان کار بکەن و ئەگەر پێویست بە دەرمانی گەنبڕ بێت ئێمە کاری لەسەر دەکەن و هاوینانیش دەرمانڕشێنی شوێنەکان دەکەین بۆ دووربوون لە مار و مەگەز و مێشوولە و وەکی دیکەیش ڕۆژانە خزمەتگوزارییەکانی خاوێنی جێبەجێ دەکەین. بۆ کەلوپەلەکانی نێو ژوورەکانیشیان ئەگەر پیس بن حەوفتانە دەنا مانگانە دەشووردرێن، لەسەر خۆشووشتن جەدەل نییە و هەموو کات ئازادن لەوەی کە حەزیان لە خۆشووشتن بێت بچنە حەمامەکانیان، بەڵام ئەگەر منداڵ بێت و نەتوانێت خۆی بشوات ئەوا دایەنەکان دەیانشۆن و خاوێنیان دەکەنەوە”.

خاوێنی خانەکان کاری پێشینەیە:
پاكوخاوێنی ناو خانه‌كان، بێگومان خانه‌ وه‌كوو ماڵ وایه‌، ده‌بێ جێگه‌ی ماڵ بگرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ منداڵه‌ی به‌هۆی كێشه‌یه‌كی خێزانی، یان به‌هۆی كێشه‌ی په‌رته‌واوه‌یی خێزانییه‌وه‌ یان به‌هۆی نه‌مانی دایك و باوكییه‌وه‌ ئه‌و منداڵه‌ كه‌ دێته‌ ئێره‌ ده‌بێت ژینگه‌یه‌كی پاكی بۆ دروست بكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی و شتی گوازراوه‌ هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ جاری وا هه‌یه‌ منداڵێك دێته‌ دایه‌ره‌ ڕه‌نگه‌ نه‌خۆشی پێستی هه‌بێ، یان نه‌خۆشی گوازراوه‌ی هه‌بێ، ئێمه‌ زۆر جار ئه‌و منداڵه‌مان جیا كردووه‌ته‌وه‌ یان به‌ پێی ڕاپۆرتی پزیشكی ناردوومانه‌ته‌وه‌ بزانین كێشه‌یه‌كی هه‌یه‌ كێشه‌كه‌مان داناوه‌ و جیامان كردووه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ لێره‌ دایانمان هه‌یه‌ ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی بۆ به‌كار هێناوه‌ تاوه‌كوو به‌ ته‌واوه‌تی چاك بووه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ لێره‌ هه‌موو مه‌واده‌كان كه‌ خه‌ڵك له‌ ماڵی خۆی به‌كاری ده‌هێنێ، لێره‌ زیاتریش هه‌یه‌، ته‌عقیم كردن هه‌یه‌ شۆردنی منداڵ هه‌یه موڕه‌بی هه‌یه‌‌، لێره‌ كۆمه‌ڵێك سركی جیاواز هه‌یه‌ لێره‌ ئیش ده‌كات، ئه‌و توێژه‌ر و دایان و چاودێری شه‌و به‌ به‌رده‌وامی خانه‌كانیان وه‌كوو ماڵ وایه‌، بۆ خۆیشمان ڕۆژانه‌ چاودێری ده‌كه‌ین و سه‌یری شته‌كانیان ده‌كه‌ین، ئیتر شوێنه‌كانیان پاكن و هیچ كێشه‌كیان نییه‌.

منداڵەکان دەنێردرێنە بەر خوێندن:
لە نێو ئەم خانانە زۆر منداڵ هه‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ ٩ ساڵان و ١٠ ساڵان، کەچی پیتێک نازانێت و خوێنەواری نییە و لە نێو خێزانەکەی نەخراوەتە بەر خوێندن و یا لەبەر كێشه‌ی خێزانی منداڵه‌كه‌یان بیر چووه‌ته‌وه‌، ئێستا لە خانەکان ئەو منداڵانە دەخرێنەوە‌ به‌ر خوێندن و هەندێک منداڵیش هەیە کە تەنانەت ناسنامه‌ی نییه‌ و ئەمەش کێشەسازە بۆ خستنەبەر خوێندن، چونکە دایك و باوكه‌كه‌ هه‌ر گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریان بە شێوەی یاسایی نەکردووە و لای مامۆستایەکی ئایینی هاوسەرگیرییان بۆ کراوە و نەچوونەتە دادگا، بۆیە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و لە ڕێگەی وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رە گشتییه‌کان و‌ ستافێكی یاساییەوە‌ ناسنامەیان بۆ ده‌ردەهێنرێت و بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م بچێته‌ به‌ر خوێندن. ژینۆ ئازاد باسی لەوە کرد کە “خه‌ڵك وا وێنا ده‌كەن کە ئێمه‌ لێره‌ هه‌ر نان و ئاو و جلوبه‌رگ بۆ منداڵەکان دابین ده‌كه‌ین، بە پێچەوانەوە ئه‌وه‌ی زۆر بۆ گرنگە و بە بە‌ڕێوه‌به‌ری خانەکان و به‌ڕێوبه‌ری گشتی و وه‌زاره‌تەوە پێوەی خه‌ریكین، ئەوەیە کە یه‌كه‌م شت منداڵه‌كه‌ بخه‌ینه‌وه‌ به‌ر خوێندن، چونكه‌ ئه‌و منداڵه‌ كه‌ ناسنامه‌ی نه‌بوو و خویندنی نه‌بوو و له‌و زه‌مه‌نه‌دا خوێنده‌واری نه‌بوو با هه‌ر نان و ئاوی هه‌بێ و با هه‌ر گه‌وره‌ بێ، ئه‌مه‌ هیچ سوودێکی نییه،‌ بۆیه‌ ئێمه‌ بیر له‌ دواڕۆژی ده‌كه‌ینه‌وه‌، زۆر جاریش هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه‌ له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی خۆمان و به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییەوە ئیش بۆ منداڵه‌كان بدۆزنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ ١٧ و ١٨ ساڵان نەکەونەوە سه‌ر جادە و‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و بواره‌ی به‌خۆی حه‌زی پێیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كسه‌ر بتوانێ له‌سه‌ر پێی خۆی ڕابوه‌ستێ، یه‌عنی ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه‌ی منداڵێكی ئاسایی پێویستی پێیه‌تی بۆمان كردوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا منداڵ پێویستی به‌ سۆزی دایك و باوكی و ناو خێزانه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌.”

ھەواڵی زیاتر