د. شلێر فایەق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لە سلێمانی: پێشترڕۆژانە زیاتر لە 150 منداڵ لەدایكدەبون ئێستا كەمبۆتەوە بۆ 50 منداڵ

دكتۆرە شلێر فایەق بەڕێوەبەری زایشگای سلێمانی (نەخۆشخانەی منداڵبوون لە شاری سلێمانی) لەم چاوپێكەتنەیدا بۆ “هەولێر” هۆشداری دەداتە لایەنی پەیوەندیدار و دەڵێت: “ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لەناو دانیشتوانی سلێمانی ڕۆژ بەڕۆژ لە كەمبوونەوەدایە و بە حاڵەتێكی خراپ وەسفی دەكات ئەوەش دەڵێت: “ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لەناو ئاوارەكاندا بەپێچەوانەوە لە زیادبووندایە”.

هەولێر: ڕۆژانە چەند نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەتان دەكەن؟

د. شلێر فایەق: نەخۆشخانەی سلێمانی ئاستی سێی پێدەڵێن بەپێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) نەخۆشخانەی ئاستی سێ هەموو حاڵەتێكی كوتوپڕی ساردو هەموو نەشتەرگەریەكانی ژنان ‌و منداڵبوونی تێدایە، چ نەخۆشی ژنان یان نەخۆشی منداڵبوونی تێدایە، لەپارێزگاری سلێمانیدا، پێویستمان بەچوار نەخۆشخانەی لەم جۆرە هەیە، واتا ئەم نەخۆشخانەیە كاری ئەو نەخۆشخانانەش دەكات كە لەدەرەوەی سلێمانی كاری نەخۆش بون ‌و منداڵبوون دەكەن، بەتایبەت حاڵەتە قورسەكانی نەشتەرگەری كە پیویستی بەچاودێری ورد هەیە، لەبەرئەوە نەخۆشخانەكەمان تایبەتە بە نەخۆشیە كتوپڕەكانی ژنان ‌و منداڵبوون، ئێمە هۆڵێكی گەورەی منداڵبوونمان هەیە، كە لەیەك كاتدا بیست ژن لە نەخۆشخانەكەمان منداڵی بووە، ساڵی پاریش چواردە هەزار دووگیان منداڵیان بووە.

هەولێر: كەواتە منداڵبوون لە شاری سلێمانی زیادی كردوەیان كەم؟

د. شلێر فایەق: منداڵبوونی دانیشتوانی شاری سلێمانی بە ژمارە بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردودا، بەداخەوە پێشتر ڕۆژانە 150 بۆ 160 منداڵ لە یەك ڕۆژدا لەدایك دەبون ئێستا كەمبۆتەوە بۆ 40 بۆ 50 منداڵ، منداڵبوونی ئاوارەكان بەرەوزیادبوون دەڕوات، ئەمەش زۆر خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا سلێمانی ئەوسایش لەچاو شارەكانی دیكەدا هەر منداڵیان كەمتر بووە، هۆكارەكەشی بۆ سروشتی خەڵكی شارەكە دەگەڕێتەوە.

هەولێر: ئایا ئەو ژنانەی ڕوو لە نەخۆشخانەكەتان دەكەن تێیاندایە لەخوار هەژدە ساڵانەوە بێت؟

د. شلێر فایەق: لە هەموو جۆرە نەخۆشێك دێنە نەخۆشخانەی ئێمە، تیایەتی لەناو شارە، تیایەتی لەدەرەوەی شارە بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ژنانی خوار تەمەن هەژدە ساڵان زۆرن، كە منداڵیان دەبێت بەتەنیا لە مانگی ڕابردوودا پەنجا ژن لەخوار هەژدە ساڵانەوە كچان ‌و شوویان كردوەوە منداڵیان بووسە.

هەولێر: نەخۆش زۆرجار گلە و گازندەی ئەوەیان هەیە پزیشك‌ و كارمەندەكانتان وەك پێویست بەدەم نەخۆشەوە ناچن؛ بۆچی؟

د. شلێر فایەق: لە هەموو دنیادا منداڵبوون بەئازارە، بەداخەوە لەدێر زەمانەوە ئەو قسەیەلە نەخۆشخانەكانی منداڵبوون لە هەموو عێراق ‌و وڵاتاندا هەیە، نەك شاری سلێمانی. خەڵكی وادەزانێت ئێمە توندوتیژی بەرامبەریان بەكاردەهێنین، من ناڵێم لەساڵانی پێشوودا توندوتیژی بەكارهاتوە، بەڵام لەئێستادا شۆسیال میدیاد و دەنگ تۆماركردن هەیە، بەهیچ جۆرێك ناتوانرێت توندوتیژی بەرامبەر نەخۆش بەكاربهێنرێت، چونكە كەس لێت قەبوڵ ناكات، بەڵام بەجارێك بیست ژن لەلای پزیشكێكی ئێمە منداڵی دەبێت، پزیشك ناتوانێت نەخۆش بلاوێنێتەوە، خۆیشم ئەوە دەزانم لاواندنەوەی نەخۆش لای ئێمە كەمە، نەخۆش بیەوێت ئێمە بیلاوێنینەوەو قسەی لەگەڵ بكەین فریاناكەوین.

هەولێر: ئەمە واینەكردوە ژنان كەمتر بێنە نەخۆشخانەكەتان بۆ منداڵبوون ‌و زیاتر ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بكەن؟

د. شلێر فایەق: لەگەڵ ئەوەی خەڵكانێك پێیانوایە نەخۆش كەمتر دێتە نەخۆشخانەی منداڵبوون، بەڵام ئێستاکە ژمارەی منداڵبوون لەلای ئێمە زۆر زیاترە لەژمارەی منداڵبوون لەسەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكان لەسنوری سلێمانی، مانگانە 1500 لە نەخۆشخانەكەمان لەدایك دەبێت ئەوان بەهەموو نەخۆشخانە ئەهلیەكان 1000 منداڵی تێدا لەدایك دەبێت، نەخۆشخانە ئەهلیەكان منداڵبوونی زۆر كوتوپڕو سروشتی وەرناگرن، تەنیا لەدایكبوون لەڕێگەی نەشتەرگەریەوە وەردەگرن، بیرمان نەچێت نەخۆشخانەی ئەهلی تەنیا بۆ حاڵەتی ئاسانە هەرگیز ناتوانن حاڵەتی قورس وەربگرن.

هەولێر: بەپێی ئەزمونت ئەتوانیت بەئێمەو خوێنەرەكانمان بڵێیت ئەو زیانانە چین كە ئەگەر پێش وادەی ئاسایی منداڵ لەدایك ببێت؟

د. شلێر فایەق: دەبێتە هۆی نەبەكامی منداڵەكە، كە ئەمە بۆخۆی مەترسیەكی زۆر گەورەیە لەسەر منداڵەكە، ئەگەر منداڵ لەسێ‌ دەقەی یەكەمدا ئۆكسجینی بۆ نەچێت توشی شەلەل دەماخ دەبێت.

هەولێر: ژنان بەسروشتی منداڵی ببێت باشترە یان بە نەشتەرگەری؟

د. شلێر فایەق: ئێستا من لەپڕۆژەیەكدا كاردەكەم كە هەوڵی ئەوە دەدەین منداڵبوون بە نەشتەرگەری كەم بكەینەوە، كە پێیدەوترێت پڕۆژەی كەمكردنەوەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری، لەڕاستیدا منداڵبوون بە نەشتەرگەری‌ و منداڵبوون بە سروشتی هەردووكیان زیانی خۆیان هەیە، بەڵام ئەگەر بیخەینە تای تەرازوویەک ‌و حسابی بكەین منداڵبوون بە سروشتی كێشەكانی زۆر كەمترە، لەجیهاندا وەها رێگە پێدراوە ئەگەر سەد ژن منداڵیان ببێت لەڕۆژێكدا پانزە بۆ بیست ژنیان دروستە بەنەشتەرگەری منداڵی ببێت،

ھەواڵی زیاتر